بایدن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە

‌جۆ بایدن، فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گواسترایەوە نەخۆشخانە، دوای ئەوەی دووچاری پێکان بوو لە پاژنەی پێیدا.

 
جۆ بایدن کە سەرقاڵی پێکهێنانی تیمی تایبەت بە ئیدارەی داهاتووی ئەمریکایە و بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، دووچاری سووڕان لە پاژنەی پێیدا بوو.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئەمریکا ئاشکرایانکرد، بایدن رۆژی شەممە لە کاتی یاریکردن لەگەڵ سەگەکەی، دووچاری سووڕانی پاژنەی پێی بوو و لەلایەن تیمی یاوەرییەوە گەیه‌ندرایە نۆڕێنگەیەکی پزیشکی بۆ چارەسەرکردن.
 
وەک میدیای ئەمریکا ئاشکرایکردووە، بایدن 78 ساڵ، لە کاتی گەمەکردن لەگەڵ سەگەکەی کە ناوی "میجۆر"ە، پێی هەڵخلیسکاوە و بەوەش هەستی بە ئازار کردووە لە پاژنەی پێیدا.
 
کیڤن ئۆکۆنۆر، پزیشکی تایبەتی بایدن داوای لە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا کردووە، پێڵاوێکی پزیشکی بۆ چەند هەفتەیەک لەپێبکات، بەتایبەت دوای ئەوەی وێنەی تیشکیی سەرەتایی بوونی شکانێکی سووکی لە قاچی راستیدا دەرخستووە.
 
شکان لە قاچی بایدندا زیاتر دووپاتکرایەوە، دوای وەرگرتنی وێنەی تیشکیی وردتر، لە کاتێکدا سەرەتا حاڵەتەکە بەتەنیا سووڕان لە قاچیدا راگەیه‌ندرا.
 
نووسینگەی بایدن لە بڵاوکراوەیەکدا وتی، "بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پشکنینی زیاتر بۆ پاژنەی دەکرێت لەلایەن نەشتەرکارێکی تایبەت بە ئێسکەوە، بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر وردەکاری زیاتری جۆری پێکانەکەی".
 
وا بڕیارە بایدن لە رۆژی 20ی کانوونی دووەمی داهاتوودا، وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات و بەوەش دەبێتە بەتەمەنترین سەرۆک لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
 
نووسینگەکەی بایدن وردەکاری زیاتری لەسەر پێکانەکەی سەرۆک ئاشکرا نەکردووە، ئەوەشی نەخستووەتە روو، کە درێژە بەکارە ئاساییەکانی پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی دەدات.
 
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ جۆ بایدن خواست. ترەمپ گرتەی ڤیدیۆیی هاتنەدەرەوەی بایدنی لە نۆڕینگەی پزیشکی لەپاش پشکنینەکان لەگەڵ توویتەکەیدا بڵاوکردەوە و هیوای خواست "بەزوویی چاکببێتەوە".


AM:08:51:30/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 13700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت