شەش پەرلەمانتاری کوردستان هۆشداری لەدروستبوونی قەیرانێکی "گەورە" دەدەن

‌ئاشنا عەبدوڵا، شایان کاکە ساڵح، جەلال محەمەد، شیرین ئەمین، دابان محەمەد و عەلی حەمە ساڵح ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان

وێستگەنیوز-

شەش ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنن، پێویستە بەزوترین کات شاندی هەرێم بچێتە بەغداد و ئامادەیی خۆی بۆ رادەستکردنی نەوت دەرببڕێت هەروەها حکومەتی هەرێم چاکسازی لەدۆسیەی نەوت و خاڵە سنورییەکاندا بکات، بەپێچەوانەوە هەرێم تووشی قەیرانێکی لەوەی ئێستا "گەورەتر" دەبێتەوە.

ئاشنا عەبدوڵا، شایان کاکە ساڵح، جەلال محەمەد، شیرین ئەمین، دابان محەمەد و عەلی حەمە ساڵح ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا باسیان لەوەشکردوە، "هاونیشتیمانیانی کوردستان، وەک هەموان دەزانین بە هۆی چەندین هۆکار و هەڵەی رابردو و ئێستای حوکمڕانی هەرێم، کوردستان لەناو قەیرانێکی گەورەدایە، ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپی بژێویدایە".

ئەوەش هاتوە، "ئێمە وەک شەش پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، داوا دەکەین کە پێویستە بە زوترین کات وەفدی حکومەتی ھەرێم بەپەلە بچێتە بەغدا، لەبەرامبەر دابینکردنی موچە و بودجەدا، ئامادەیی ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتە فیدراڵیەکان  بێت، جەختش دەکەینەوە لەسەر ئەوەی پێویستە چاکسازی خێرا لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و باجدا بکرێت، بێ دواخستن و خۆدزینەوەی زیاتر".

ئەو شەش پەرلەمانتارە هۆشداری لەدۆخی ئێستای کوردستان دەدەن و ئاماژەیان بەوەکردوە، "وەک ئەرکی سەرشانمان بە رایگشتی رادەگەیەنین، ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەکرێت و ئەو گەندەڵیەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوریدا ھەیە بەردەوام بێت، ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی لەوەی ئێستا گەورە تر دەبێتەوە، و بەرپرسیاری سەرەکیش حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانیی ئەم کابینەیەن".


PM:09:53:28/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 12452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت