سروە عەبدولواحید: 33%ـی پارەی نەوت دێتە ناو خەزێنەی حکومەتی هەرێم و باقی پارەکە دیار نییە

‌ سروە عەبدولواحید، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق

وێستگەنیوز-

ئەندامێکی پێشوی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشوتر کە ساڵانە 14 ملیار دۆلار دەهاتە ناو هەرێم "مەجالی دزی کەمی تێدابوو بۆ دەسەڵات"، بۆیە ئێستاش بەرپرسان کەدەڵێن نەوت رادەستی بەغداد دەکەن ئەو کارە ناکەن و ئەگەر بیکەن ئەوا "دزی" زۆریان بۆ ناکرێت.

سروە عەبدولواحید، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق لەپەیجی فەرمی خۆی لەفەیسبوک باسی لەوەکردوە، "با هەموو خەڵکی هەرێم ئەم راستییە بزانن، حکومەتی هەرێم  نە لە رابردو، نە لە ئێستا، نە لە داهاتوو لەگەڵ بەغداد ڕێک ناکەوێت لەبەر یەک هۆکاری سادە، چونکە جاران ساڵانە 14 ملیار دۆلار بە کاش لە بەغدادەوە دەهات بۆ هەرێم، وە خەڵک ژیانیان خۆش بوو، وە پارە زۆر بوو، بەڵام مەجالی دزی کەمی تێدابوو بۆ دەسەڵات".

ئاماژەی بەوەشکروە، "بەڵام لە ئێستادا کەس نازانێت بایی چەندە نەوت دەڕوات و داهات چەندە و چەندەی دەدزرێت، تەنها ئەوەندە دەزانین کە  33%ی پارەی نەوتی هەرێم دێتە ناو  خەزێنەی حکومەت و وزارەتی دارایی، وە باقی پارەکە دیار نییە".

لەبارەی ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ رادەستکردنی نەوت بە بەغداد ئەوەی خستوەتەڕو، "هەر بەرپرسێکی هەرێم  لە هەولێر و سلێمانی یاخود لە بەغداد، وتیان ئامادەین نەوت رادەستی بەغداد بکەین ئەوا بزانن کە درۆ دەکات، چونکە ئەو کارە ناکەن و ئەگەر بیکەن ئەوا دزی زۆریان بۆ ناکرێت، لای پارتی و یەکێتی یاساکە بەم شێوەیە، کە بڕی پارەی دزراو گرنگە، نەک میلەت".


PM:09:45:28/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 2020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت