شاسوار عەبدولواحید: بۆ دابینکردنی موچە تەحەدای حکومەتی هەرێم دەکەین

‌شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

وێستگەنیوز-

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەنێت، وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن تەحەدای ئەو لێدوانانەی حکومەتی هەرێم و تەواوی بەرپرسانی حکومەت دەکەن کە دەڵێن داهات بەشی موچە ناکات، دەشڵێت ئەگەر هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەستی کەسانی شارەزا بکرێت "ئێمە هەموو 30 رۆژ جارێک موچەی فەرمانبەرانمان نەدا ئەوا با من لە سێدارە بدەن".

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا لە پەرەی خۆی لە فەیسبوک رونیکردوەتەوە، "وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن تەحەدای ئەو لێدوانانەی حکومەتی هەرێم و تەواوی بەرپرسانی حکومەت دەکەین تایبەت بەوەی دەڵێن داهاتی هەرێم بەشی موچە ناکات، ئەوانە ئەگەر راست دەکەن با داهاتی ناوخۆ و سنورەکان و نەوت تەسلیمی خەڵکانی شارەزا و دەرەوەی دەسەڵات بکەن لە ژێر ئیشرافی ئێمە و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن و خەڵکانی تەکنۆقرات بۆ ماوەی شەش مانگ(بە مەرجێک تەواوی داهاتی فەرمی و قاچاخ، نەوت و غەیرە نەوت بگرێتەوە)".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەگەر ئێمە بە بێ ئەوەی چاوەڕێی پارەی بەغداد بین، هەموو ٣٠ رۆژ جارێک موچەی فەرمانبەرانمان نەدا ئەوا با من لە سێدارە بدەن، وە من بەرپرسم بەرامبەر بە خەڵک و بە دادگا، ئەگەر هەمو مانگێک موچەی تەواومان پێ نەدرا با من لە سێدارە بدرێم".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستوەتەڕو، "یان حکومەتی هەرێم درۆ دەکات یان با بێت و ئەم قسەیەی ئێمە جێبەجێ بکات".

پرسی دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و دواکەوتنی بووەتە کێشەی زۆرینەی فەرمانبەر و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم چەندینجار جەختیکردوەتەوە لەوەی داهاتەکانی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ بەهۆی دانەوەی قەرزەکانی پێشوتر و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە، بۆیە لەئێستادا بەبێ 320 ملیار دینارەکەی بەغدا ناتوانن موچەی مانگی 10 دابەش بکەن.

ئەمڕۆش بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەتەوە و "کازمی دانینا بەوەی ئەو پارەیەی رەوانەی هەرێم دەکرێت کەمترە لەحەقی خۆی، بۆیە لەئێستادا لەگەڵ لایەنەکان لەگفتوگۆداین بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەوەی بەزوترین بەشەبودجەی هەرێم رەوانەبکەین".


PM:08:21:26/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 5380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت