بەرهەم ساڵح: لەو هۆكارانە رزگارمان بێت كە مۆركێكی دامەزراوەیی دەبەخشنە جیاكاری رەگەزی دژ بە ژنان



وێستگە نیوز-
د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، كاتی ئەوە هاتووە لەو هۆكارانە رزگارمان بێت كە مۆركێكی دامەزراوەیی دەبەخشنە جیاكاری رەگەزی دژ بە ژنان.

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق بەبۆنەی  رۆژی جیھانی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پشتیوانی خۆی دووپاتكردەوە بۆ بانگھێشتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنتۆنی گۆتیریس، سەبارەت بە راگەیاندنی پەیامی (ئاشتەوایی نێوماڵ) و وروژاندنی ئەم بابەتە لەسەر ئاستێكی جیهانی لەپێناو وەستانەوە دژی چەوساندنەوەی ژنان.

د.بەرھەم ساڵح، جەختیكردەوە لەم دۆخە ناهەموارەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا، ژنان زیاتر لەبەردەم فشاری سەختی ژیان و گوزەران و تەندروستین‌‌، بۆیە یارمەتیدانیان و هاوكات كاركردن بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی ئەم پەتایە لەسەر ژیان و گوزەرانیان دەبێتە بناغە‌یەك بۆ جیهانێكی شیاوتری دوای پەتای كۆرۆنا.

سەرۆك كۆماری عێراق روونیكردەوە، لەمڕۆدا زۆرینەی ژنانی عێراق بەدەست  لێكەوتە ئابوورییەكانی ئەم پەتایەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویستە هەموو لایەك هاوكار بن لە یارمەتیدانیان بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە، ئابووری عێراق وەكو وڵاتێكی تازە ‌گەشەكردوو كاریگەری ئەم پەتایەی زیاتر بەسەرەوەیە، بەم هۆیەوە زۆرینەی ژنان سەرچاوەی بژێویان لەدەست دەدەن، لەكاتێكدا ململانێ ناوخۆیەكانیش بونەتە هۆی ئەوەی بەشێكیان بەخێوكردنی خێزانەكانیشیان بكەوێتە ئەستۆ، بۆیە پێویستە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی ژنانی ئیشكەر كەرتی تایبەتیش بگرێتەوە، لەو سۆنگەیەوە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە ئاوڕ لە كەمپی ئاوارەكانیش بدەنەوە كە زۆرینەیان ژنن.

بەرهەم ساڵح دەڵێت "هەر لێرەوە دەڵێم كاتی ئەوە هاتووە لەو هۆكارانە رزگارمان بێت كە مۆركێكی دامەزراوەیی دەبەخشنە جیاكاری رەگەزی دژ بە ژنان".


PM:02:54:25/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت