په‌رله‌مانی عیراق لیژنه‌یه‌كی بۆ گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێكهێنا


وێستگه‌ نیوزـ

به‌ فه‌رمانی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، لیژنه‌یه‌ك له‌ هه‌شت په‌رله‌مانتار پێكهێنرا بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و فیدڕاڵ گفتوگۆ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بكات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتیی په‌رله‌مانی عیراق پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانیی راگه‌یاند كه‌ ئه‌ركی ده‌ستكردنه‌ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان و دابه‌شكردنی سامانی وڵاتیشه‌ به‌سه‌ر عێراقییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌.

لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراق پێكهاتوون له‌: "محه‌مه‌د شیاع سودانی، عه‌دنان زورفی، محه‌مه‌د ساحیب ده‌راجی، مه‌زاحم مسته‌فا ته‌میمی، عه‌بود وه‌حید عیساوی، هیشام سوهێل، حه‌سه‌ن خزه‌یر، فه‌یسه‌ڵ عیساوی".

له‌ یه‌كه‌م لێدوانیشدا محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا و سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌ هه‌شت كه‌سییه‌ لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ محەمەد حەلبوسی ئەو لیژنەیە پێکهاتووە و ئامادەیی خۆشی نیشاندا هه‌وڵی تەواو بدات لەپێناو ئه‌وه‌ی داهاتی وڵات به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌ره‌انه‌ و به‌ یه‌كسانی دابه‌ش بكرێت.

سودانی داواشی لە حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و سەرکردەی هێزە سیاسییەکان کرد، هاوکاریان بن لە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان.  
  
وتیشی دوای وەرگرتنی ڕای پەرلەمانتارانی کورد و لیژنە تایبەتمەندەکان سەرکەوتنی ئەم ئەرکە نمونەیەک دەبێت بۆ توانای عێراقییەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان بەبێ دەستوەردانی دەرەکی.  

محەمەد شیاع سودانی لەکابینەی‌ پێشووی عادل عه‌بدولمه‌هدی، وەزیری‌ کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ بووە و یەکێک بوو لە پاڵێوراوانی‌ سەرۆکایەتی‌ وەزیران لەدوای‌ دەستلەکارکێشانەوەی‌ عەبدولمەهدی‌.


PM:10:24:24/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت