بڕیارە مانگی یەكەمی ساڵی نوێ قوتابخانەكان بكرێنەوە


وێستگە نیوز-
پەرلەمانتارێكی لیژنەی پەروەردە لەپەرلەمانی كوردستان پێشبینی دەكات مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە.

گوڵستان باقی، پەرلەمانتاری لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان بكەوێتە مانگی یەكەمی ساڵی نوێ، چونكە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پەیوەستە بە ڕەوشی تەندروستییەوە، ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەكە دەكەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، بەر لەوەی كۆتایی بەو وادەیە بێت كە لەلایەن حكومەتەوە بڕیار لەسەر ڕاگرتنی دەوام دراوە، ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەكە دەكرێت و بڕیاری نوێ دەدرێت.

سەبارەت بەخوێندنی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی، گوڵستان باقی روونیكردەوە، ڕاستە قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی زەرەرمەندی یەكەمن لە ڕاگرتنی دەوام، بەڵام چەند پێشنیارێك ھەن بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەوانیش بكرێتەوە، لەوانەش دواخستنی تاقیكردنەوەكانە، بێگومان ھەر بڕیارێك بدرێت بۆ بەرژەوەندیی قوتابیانە".

بەهۆی رێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەڕاگرتنی دەوام لەبەرواری 1ی 11 تا 1ی 12، بەڵام خوێندكاران دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین وانەكانیان بخوێنن. 


PM:05:58:24/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 60136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت