ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی: شەنگال لەژێر مەترسیی کۆمەڵکوژی نوێدایە

‌شەنگال

وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی شەنگال لە بانگەوازێکدا رایگەیاند، دوای رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نزیکەی ١٠ هەزار چەکدار لە سنوری قەزاکە کۆکراوەتەوە و بەهۆکاری گەڕانەوەی ئاوارەکانیش دەیانەوێت "ئەو خێزانانەی پشتیوانی داعشیان کرد بگەڕێنەوە سنورەکە، بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی  چوارپارچەی کوردستان و گەلەکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی شەنگال و کۆمەڵگای ئێزدی ئامادەبن".

ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی شەنگال لە بانگەوازییەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە دوای ڕێککەوتنەکەی ٩ی تشرینی یەکەم کە لەنێوان پارتی و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا، تا ئەمڕۆ هاوڵاتیانی شەنگال لەسەر پێنە و لەناو تێکۆشاندان، لەلایەکی دیکەشەوە بەڕێوبەرایەتیەکەمان لە ڕۆژی دەستپێکەوە لەگەڵ حکومەت، کەسایەتی، هێزی سەربازی و پارتە عێراقییەکان، زنجیرە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە، تا ئەمڕۆش ویستوومانە کە کێشەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەبینرێت، ئەوەیە کە دەیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە لەسەر شەنگال جێبەجێ بکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەکاری دەکرێت بۆ هێنانی ١٠ هەزار هێزی چەکدار بۆ شەنگال، دەپرسین ئەم هێزە بۆ چییە؟ کاتێک داعش هێرشی کردەسەر شەنگال ئەم هێزە لە کوێ بوون؟ کاتێک ئێمە بەرامبەر چەتەکان بەرخۆدانمان کرد ئەمانە لە کوێ بوون؟ راشیگەیاندووە ئێستا شەنگال پێویستی بەهێزی چەکدار لە دەرەوە نییە، چونکە هێزێک کە لە کوڕان و کچانی ئێزدی پێکدێت دەتوانێت شەنگال بپارێزێت، نامانەوێت شەڕ دروست بێت، بەڵام لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا بۆسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکار دێنین".

ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی شەنگال ئەوەشی خستۆتەڕو، "دەیانەوێت ئیرادەی خەڵکی ئێزدی لەناوبەرن، هەروەها هێزەکانی پاراستن بێ کاریگەر بکەن و ئەو ئێزدیانەی شەڕی داعشیان کردووە بخەنە ناو زیندانەکان، هەروەها ئامانجیانە هەڵبکوتنەسەر ماڵان و ئەو چەکانەی پاراستنی خەڵکی پێکراوە لە بەرامبەر داعشدا، کاتێک هیچ هێزێکی حکومەت لێرە نەبوو، لەدەستی خەڵک بسێننەوە، بۆیەش لەئێستاوە هەموو سنوورەکانی شەنگالیان گەمارۆ داوە، دەیانەوێت لە چیای شەنگال و شوێنە پیرۆزەکانی ئێزدیان، هەزار ئەندامی هێزە تایبەتەکانیان کە ناناسرێن جێگیر بکەن".

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هاوکات لە قۆناغێکی دیکەشدا ئامانجیانە ئەو عەرەبانەی پشتگیریی داعشیان کرد و بوونە هۆی ڕفاندن و کۆمەڵکوژیی گەلەکەمان، لەژێر ناوی گەڕانەوەی کۆچبەران بگەڕێننەوە بۆ شەنگال، بۆیە بۆ ئەوەی ڕێگە لەم فەرمانە بگیردرێت، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی  چوارپارچەی کوردستان و گەلەکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی شەنگال و کۆمەڵگای ئێزدی ئامادەبن".


PM:11:26:23/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 2172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو