بایدن کاندیدی وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک پۆستی باڵای دیکەی یەکلاکردەوە

‌جۆ بایدن و ئەنتۆنی بلینکن

وێستگەنیوز-

جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن-ی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەلیساندرۆ مایۆرکسی بەرەگەز کوبی وەک وەزیری ئاسایشی ناوخۆ و جۆن کیری وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا یەکلاییکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە میدیاکانی ئەمریکا بەشێکی پۆستەباڵاکانی ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایان بڵاوکردەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان پشتڕاستکراوەکان  لەکابینەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکادا  ئەنتۆنی بلینکن وەک وەزیری دەرەوە دیاریکراوە.

ئەنتۆنی بلینکن ساڵی 1962 لە خێزانێکی جولەکە لە دایکبوە و بەکالۆریۆسی لە زانکۆی هارڤارد و دکتۆرای لە یاسا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا وەرگرتوە، ساڵی 2009 تاوەکو  2013 یاریدەدەری جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوە، هەروەها ساڵی 2015 تاوەکو 2017 جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوە.

ئەنتۆنی بلینکن پێشوتر لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رەخنەی لە ئیدارەی وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند، "ترەمپ متمانەی ئەمریکای شکاند لە ناوچەکە بە کشانەوەی لە سووریا، کوردیش کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعش لە دۆخێکی ناهەمواردا بە تەنیا جێمان".

وەک میدیاکانی ئەمریکا باسیان کردوە، ئەلیساندرۆ مایۆرکسی بەرەگەز کوبی وەک وەزیری ئاسایشی ناوخۆ و جۆن کیری وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا دەیاریکراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، رۆن کلاین وەک سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی دەستبەکاردەبێت، هەروەها  جیک سۆلیڤان وەک یاریدەدری سەرۆک بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەکاردەبێت.


ئەنتۆنی بلینکن دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا


PM:08:39:23/11/2020




ئه‌م بابه‌ته 9216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو