پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ رەخنە لە هەوڵێکی فراکسیۆنی یەکێتی دەگرێت

‌لۆگۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

وێستگەنیوز-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، هەوڵی بەشێک لە پەرلەمانتاران بۆ رونکردنەوەی رێککەوتنی گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوت لەنێوان هەرێم و وڵاتی تورکیا، فراکسیۆنی یەکێتی واژۆی بۆ کۆکردوەتەوە لەکاتێکدا ئەو حزبەکە خۆی بەشدارە لەسیاسەتی نەوتی هەرێم و ئەندامی هەیە لە ئەنجومەنی باڵای نەوت بۆیە ئەو هەوڵە وەک "سیناریۆ" ناودەبات.

کاوە عەبدولقادر، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ئەو هەوڵەی 18ـی ئەم مانگە بەشێک لە پەرلەمانتاران دەستیانپێکردوە بۆ ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنی گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوت لەنێوان هەرێم و وڵاتی تورکیا، "لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی واژۆی بۆ کۆکراوەتەوە، لەکاتێکدا یەکێتی خۆی شەریک بووە لەگەڵ پارتی، رێککەوتنەکەش لەسەردەمی حکومڕانی بەرهەم ساڵح و ئاشتی هەورامی چون رێککەوتنیان کردوە لەگەڵ تورکیا".

لەبارەی هۆکاری واژۆنەکردنی یاداشتەکە لەلایەن فراکسیۆنی نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، " ئێمە بەشداری لە یاداشتێکدا ناکەین کە یەکێتی بیەوێت بۆ لەباربردنی ناڕەزایی خەڵک سیناریۆ دروستبکات، بۆیە واژۆمان نەکرد".

18ـی ئەم مانگە 32 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی یەکێتی، کۆمەڵ، یەکگرتوو، سەربەخۆکان و گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان واژۆیان لەسەر یاداشتێک کرد بۆ بانگهێشتکردنی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ روونکردنەوەی گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوت لەنێوان هەرێم و وڵاتی تورکیا، هەروەها بۆ زانینی کاریگەری ئەو رێککەوتنە لەسەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا.

هـ.هـ


AM:10:51:22/11/2020




ئه‌م بابه‌ته 4520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت