دواین هەڵوێستی سعودیە لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل

‌ئاڵای سعودیە و ئیسرائیل

وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیی پشتیوانیکردنی هەیە لە رێککەوتنی "ئاشتی"  وئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتان لەگەڵ ئیسرائیل، بەمەرجێک ئەو وڵاتەش دان بە ئاشتی هەمیشەییدا بنێت و دەوڵەتێكی رێزلێگیراو بۆ فەڵەستینییەکان بهێنێتە ئاراوە.

ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندوە، ریاز پشتیوانی لە رێککەوتنی "ئاشتی"  وئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتان لەگەڵ ئیسرائیل، بەو مەرجەی تەلئەبیب دانبنێت بە ئاشتیی هەمیشەییدا کە دروستکردنی دەوڵەتێكی رێزلێگیراو بۆ فەڵەستینییەکان بەشێک بێت لەو ئاشتیەی دێتە ئاراوە.

پەیوەست بە ئیدارەی داهاتوی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکردوە، سعودیە دڵنیایە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن هەمان ئەو سیاسەتانە جێبەجێدەکات کە لەبەرژەوەندی ئاسایشی ناوچەکەدایە و باوەڕیانوانیە لەماوەی گواستنەوەی دەسەڵاتدا لە ئەمریکا نائارامی لەناوچەکدا رووبدات.

2ـی ئەم مانگە ئیلی کۆهین، وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل بە کەناڵەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەگەر سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ لێکنزیکردنەوەی وڵاتانی هەرێمی بەردەوام بێت، لە ماوەی داهاتودا سعودیە، قەتەر، سەڵتەنەتی عومان، مەغرب و نەیجیریا "رێککەوتنی ئاشتی" و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ  ئیسرائیل واژۆ دەکەن.

ساڵی 2002 سعودیە پێشنیازی پڕۆژەی ئاشتی عەرەب-ئیسرائیلی کرد و پێشمەرجی ئەو ئاشتییەش بریتیبوو لە کشانەوە هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە خاکی فەڵەستین.

11ـی ئەیلولی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، شانشینی بەحرەین دوای وڵاتی ئیمارات وەک دوەمین وڵاتی کەنداو بڕیاریدا بە  رێککەوتنی  ئاشتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و دواتریش سودان وەک سێیەم دەوڵەتی عەرەبی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل  ئاساییکردەوە.


AM:08:28:22/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 2808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو