لاهور شێخ جەنگی: پرسی لامەرکەزییەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تاوتوێ دەکرێت

‌کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی

وێستگەنیوز-

هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پرسی لامەرکەزی، گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، پرسی موچە و ژمارەیە پرسی ناوخۆی حیزبی تاوتوێکردوە و لەسەر پرسی لامەرکەزییەت پەیڕەوێک ئامادەکراوە وبڕیار وایە کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکان لەبارەیەوە ئەنجام بدرێت.

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەڕۆژی شەهیدانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی وبەندە بەڕێوەچوو، سەرەتای کۆبونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەستی پێکرد وپاشان ۲۱ مۆم وەک گوزارشت لەڕێز و وەفا بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان داگیرسا".

ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆبونەوەکە دوا گۆڕانکاری وپێشهاتەکانی لەهەرێم وبەغداد تاوتوێکرد وباس لەپرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا، تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تاوتوێکردنی پرسی لامەرکەزییەت بوو کە پەیڕەوێک ئامادەکراوە وبڕیار وایە کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکان لەبارەیەوە ئەنجام بدرێت،

هاوسەرۆکی یەکێتی ئەوەشی خستوەتەڕو، هەر لەوکۆبونەوەیەدا باسم لەسەردانەکەم کرد بۆ بەغداد وکۆبونەوەکانمان بۆ ڕونکردنەوە کەئێستا یەکێتی نیشتیمانیی لەگەل تەبایی وبرایەتی دایە و دەبێت پرسی موچە بەسیاسی نەکرێت، تەوەری کۆتایش گفتوگۆی هەڤاڵانی سەرکردایەتی بوو لەسەر پرسی ناوخۆی حیزب.

ئێوارەی ئەمڕۆش سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەرکردایەتی یەکێتی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئەمڕۆ شەممە لە قەڵاچوالان کۆبووەوە و بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیاریدا لەئەندامیەتی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەکە و هەروەها بڕیاری ئاگادارکردنەوەی بۆ قوباد تاڵەبانی و رێواز فایق دەرکرد بەهۆی پابەندنەبوونیان بە چوارچێوەی بڕیار و رێنماییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.


PM:11:12:21/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 2692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت