یەکێتی مەلا بەختیاری سڕکرد و ئاگادارکردنەوەی بۆ رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی دەرکرد

‌کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە قەڵاچوالان - ئەرشیف

وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئەمڕۆ شەممە لە قەڵاچوالان کۆبووەوە و بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیاریدا لەئەندامیەتی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەکە و هەروەها بڕیاری ئاگادارکردنەوەی بۆ قوباد تاڵەبانی و رێواز فایق دەرکرد بەهۆی پابەندنەبوونیان بە چوارچێوەی بڕیار و رێنماییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) کە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بڕیاریدا سێ مانگ مەلا بەختیار لەئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی سڕبکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەهۆی پابەندنەبوونیان بە بڕیار و رێنماییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاگادارکردنەوەی داوەتە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە هەردوکیان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەشیانن.

14ـی ئەم مانگە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووە و دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، داوا دەکەن کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا دوابخرێت بۆ کاتێکی تر تا یەکدەنگی لەنێوان لایەنەکان دروست دەبێت.

سەرەڕای داواکارییەکەی یەکێتی بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە، بەڵام 15ـی تشرینی دووەم  سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداریان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد.

19ـی ئەیلولی ئەمساڵ مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی كتێبێکی مێژوویی بەناوی (لە بری بیرەوەری) بڵاوکردەوە کە باسی ئەو رووداوانە دەكات كە لەساڵانی رابردووی لەشۆڕشدا روویانداوە، کتێبەکە کاردانەوەیەکی فراوانی لەناو لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکەی لێکەوتەوە، ئەو لایەنانە داوایان لە سەرکردایەتی یەکێتی کرد لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە کە بەوتەی ئەوان "مێژوی یەکێتی تێدا شێوێندراوە" هەڵوێست وەربگرێت.

هـ.هـ


PM:08:25:21/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 25840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت