لیژنەی دارایی: قەبارەی قەرزەکانی عێراق 160 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
وێستگەنیوز-
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، قەبارەی قەرزەکانی عێراق 160 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و مەترسی مایەپوچ بوونی حکومەت هەیە، چونکە لە پڕۆژەیاسای بودجە و یاسای چاکسازیشدا باس لە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران وەک یەکێک لە رێگەکانی کەمکردنەوەی خەرجی نەکراوە.
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، قەبارەی قەرزەکانی عێراق لە بانکە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی 160 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە و لەپڕۆژەیاسای بودجەشدا باس لە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران نەکراوە.
ئەوەش هاتوە، جگە لە پڕۆژەیاسای بودجە، لە پڕۆژەی چاکسازیش کە حکومەتی پێشکەشی کردوە باس لە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران وەک یەکێک لە رێگاکانی کەمکردنەوەی خەرجی نەکراوە و تەنها باس لە کەمکردنەوەی موچەی پلەباڵاکان کراوە.
رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگیدا لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، لەبەرامبەردا پشکی هەرێم بەسترایەوە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە و بەپێچەوانەوە هەرێم پشکی لەو قەرزەدا پێنادرێت.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای قەرز حکومەتی عێراق دەستکراوە کرا لە قەرزکردنی 12 ترلیۆن دینار بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، لەو بڕەپارەیەش 20%ـی بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج دەکرێت کە سەرەکیترینیان پڕۆژەی بەندەری فاوە لە پارێزگای بەسڕە.
هـ.هـ
AM:09:58:15/11/2020
ئهم بابهته 2300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت