سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و نوێنەرانی کورد لەبەغدا چارەنوسی موچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەکەن


وێستگەنیوز-

بەمەبەستی تاتوێکردنی بڕیاری پەسەندکردنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداری فراکسیۆنە کوردستانییەکان و رێگاکانی گەرەنتیکردنی پشکی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، رۆژی یەکشەممە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم  و نوێنەرانی کورد  لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە، پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت پێشوتر حکومەتی هەرێمیان ئاگادارکردوەتەوە کە لەئەگەری پابەندنەبوون بەرێککەوتنەکان، بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رادەگرێت.

د.بەهار مەحمود، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە بەبەشداری سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و وەزیرەکانی کورد لە حکومەتی عێراق کۆبوونەوەیەک لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکە بەمەبەستی باسکردنە لە بودجە و موچەی هەرێمی کوردستان "من پێشوتریش کەبەنوێنەرایەتی فراکسیۆنی گۆڕان بەشداری کۆبونەوەکانی پێشوتری سێ سەرۆکایەتیەکەم کردوە باسمان لەوەکردوە ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەندنەبێت بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا، هاتنی بودجە و موچە بەردەوام نابێت".

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی گۆڕان بۆچونی وایە لەئێستادا تەنها دوو رێگە لەبەردەم حکومەتی هەرێم دایە ئەویش ئەوەیە بەبێ پارەکەی بەغدا و بەفرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ موچە بدات، یان ئەگەر نەتوانێت ئەوە بکات دەبێت لەگەڵ کۆمپانیای بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق  (سۆمۆ) بگاتە رێککەوتن.

لەبارەی یاسای قەرزیش، د. بەهار مەحمود باسی لەوەکرد، "یاسای قەرز نەرمی نواندنێکی تێدایە ئەویش دیارینەکردوە هەرێم لەبەرامبەر چەند بەرمیل نەوت پشکی خۆی لە بەغدا وەردەگرێت، بۆیە ئەگەر لەگەڵ سۆمۆ لەسەر هەر پشکێک بگاتە رێککەوتن گرفتی نەناردنی موچە چارەسەر دەکرێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی وێستگەنیوز سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و نوێنەرانی کورد لەبەغدا جگە لەدەرئەنجامەکانی پەسەندکردنی یاسای قەرز بەبێ کورد، پرسی رەوانەکردنی شاندێکی حکومیش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و خواست و پێشمەرجەکانی هەرێم بۆ گفتوگۆکانی داهاتو تاوتوێ دەکەن.

پێشوتر سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای قەرز بەبێ بەشداری کورد لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندبو، یاساکە لە پەرلەمانی عێراق به‌ زۆرينه‌ و به‌بێ ڕه‌چاوكرنى پره‌نسيپه‌كانى هاوبه‌شى و سازان و هاوسه‌نگى و بێ گوێدانه‌ سه‌رنج و تێبينى و پێشنياره‌كانى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان تێپه‌ڕێنراوە، ده‌ستخۆشى له‌ سه‌رجه‌م فراكسيۆنه‌ كوردستانييه‌كان و نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ يه‌كهه‌ڵوێست بوون بۆ داكۆكيكرن له‌ ماف و شايسته‌كانى گه‌لى كوردستان.

باس لەوەشکراوە، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ نيگه‌رانى و به‌وپه‌ڕى گرنگييه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ و هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ پارێزگارى له‌ ماف و شايسته‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و له‌پێناو يه‌كهه‌ڵوێستيى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، كۆبوونه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان و نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى فيدرال و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ساز ده‌كرێت.

ئەمڕۆش د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی پەسەندکردنی یاسای قەرز بەبێ بەشداریکردنی کورد لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەکاتێکدا پێشوازی دەکەن لە دەرچواندنی یاسای قەرز بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە بۆ سێ مانگی داهاتو، لەهەمانکاتیشدا باوەڕیانوایە چارەسەرکردنی کێشەی موچە لە عێراق بەبێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کارێکی ناتەواوە و جێگەی داخە کە یاساکە بەبێ کۆدەنگی نیشتیمانی و بەبێ بەشداری کورد پەسەندکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ بێ ره‌چاوکردنی سازانی نیشتمانی، به‌دیاریکراویش به‌بێ خواستی کورد  په‌سه‌ندکرا و تێپه‌ڕێندرا . ئه‌مه‌ش پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌‌‌ لە کاری سیاسی عیراقدا.  دابینکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ عیراق  به‌بێ چاره‌سه‌ری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم کارێکی ناته‌واوه‌ چونکه‌ ئه‌وانیش هاوڵاتی عیراقن  و مافه‌کانیان له‌ده‌ستوردا جێگیرکراوه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا دوپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ پێویستە فه‌رمانبه‌ران و ته‌واوی هاوڵاتیان به‌دووربن له‌و ململانێی سیاسیه‌ی که‌ وڵاتی به‌م رۆژه‌ گه‌یاندوه‌.   

دوێنێ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگیدا لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، لەبەرامبەردا پشکی هەرێم بەسترایەوە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە و بەپێچەوانەوە هەرێم پشکی لەو قەرزەدا پێنادرێت.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای قەرز حکومەتی عێراق دەستکراوە کرا لە قەرزکردنی 12 ترلیۆن دینار بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، لەو بڕەپارەیەش 20%ـی بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکانی وەبەر‌هێنان خەرج دەکرێت کە سەرەکیترینیان پڕۆژەی بەندەری فاوە لە پارێزگای بەسڕە.


PM:02:19:13/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 10324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو