كۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بە شەڕی پارتی و پەكەكە هاتە دەنگ


وێستگە نیوز-

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، لێرەو لەوێ باس لە هەڵگیرساندنی شەڕ دەكرێت لەنێوان دوو لایەنی كوردی، ئەوان بۆ مێژوو هەموو شەڕێكی كورد – كورد ئیدانە و رەتدەكەنەوە.  

  كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، وێڕای خراپی دۆخی هەموو پارچەكانی كوردستان، لێرەو لەوێ باس لە هەڵگیرساندنی شەڕ دەكرێت لەنێوان دوو لایەنی كوردی، ئەوان بۆ مێژوو هەموو شەڕێكی (كورد– كورد) ئیدانە و رەتدەكەنەوە، داواش لە سەرجەم چین و توێژەكان دەكەن كە خۆیان لەم باسكردنانە بپارێزن، چونكە هەر باسكردنی، بۆ خۆی، زەمینەسازییە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ.  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "لێرەشەوە بە هەردوو هێزی چەكداری باشوور (یەكێتی و پارتی)، بەتایبەت (پارتی) (كە ئێستا ناوی دەهێنرێت وەكو لایەنێكی شەڕەكە) دەڵێین كە شەڕی كورد و كورد قەدەغە بكەن و دژی بوەستن، چونكە دواجار بە زەرەری هەموو كوردە".  

كۆمەڵی ئیسلامی وتویەتی "داواش لە (پەكەكە) دەكەین كە باری خراپی سیاسیی و یٔابووری خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و ڕێز لە دامەزراوە فەرمییەكان بگرێت. گەر ڕاست بێت تەقاندنەوەی بۆری نەوت دەستی ئەوانی لەپشت بێت، ئەوا كارێكی خراپەو دژ بە خەڵكی هەرێم ئەنجامدراوە، ئەم میللەتە بەشمەینەتە كە بە دوو مانگ جارێك بەشە مووچەیەك وەردەگرێت، بەرگەی شەڕی كورد كوژی ناگرێت و داواش لە حكومەتی هەرێم دەكەین ئەمەش نەكاتە پاساوی زیاتر بۆ بارگرانكردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دواخستنی زیاتری مووچەی فەرمانبەران".


PM:04:02:31/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 4092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو