وەزارەتی دارایی: داهاتەکانی عێراق بەشی دابەشکردنی موچە ناکات

‌حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوەڕێی پەرلەمانە

وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەمای دواکەوتنی موچە لە مانگی ئەیلولدا، لەلایەن پەرلەمانتاران، شارەزایان و هاوڵاتیان پرسیاری ئەوە دەکرێت کە موچەی مانگی تشرینی یەکەم دوادەکەوێت، ئەوان لەزیاد لە رونکردنەوەیەکدا جەختیانکردوەتەوە کە حکومەت پارەی پێویستی لەبەردەستدا نیە بۆ دابەشکردنی موچەی تەواوی فەرمانبەران و چاوەڕێی پەرلەمان دەکەن بەمەبەستی پەسەندکردنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی سێ بەرنامەی کورتخایەن، مام ناوەند و درێژخایەنی داڕشتوە و لەهەنگاوی یەکەمدا کە بریتییە لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، حکومەت خواستی ئەوەی هەیە پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی لە زوترین کاتدا پەسەندبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن قەرەبوی ئەو کورتهێنانە بکەنەوە کە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ هەیانە، چونکە لەئێستادا پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی داهاتو لەبەردەست نیە.

ئەوەش هاتوە، دابەزینی هەناردە و بەهای نەوت بە گوێرەی رێککەوتنی ئۆپیک وایکرد داهاتی دەوڵەت بەڕێژەی 50% دابەزێت و هەموو رێکارەکانی دیکەی دەوڵەت لە رێکخستنەوەی باج و گومرگ، چاکسازی دارایی و کارگێڕی و زیادکردنی داهاتەکانی دیکەی دەوڵەت، بەس نەبوون بۆ قەرەبووکردنەوەی بودجە و گەرەنتیکردنی موچەی چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ، بۆیە جگە لە قەرزکردن هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەم حکومەت نەمایەوە بۆ ئەوەی موچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ گەرەنتی بکات.

لەبارەی کاریگەری قەرزکردنیش وەزارەتی دارایی ئەوەی خستوەتەڕو، دۆخی دارایی و قەرزەکانی عێراق بەراورد بە وڵاتانی دیکە لەئاستێکی گونجاودایە بەجۆرێک، چونکە ئاستی قەرزکردن دەکرێت بەرێژەی 100%ـی داهاتی نیشتیمانی وڵاتەکە بێت، قەرزەکانی عێراق تائێستا کەمترە لە 75٪ـی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە، بەڵام بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت داهاتی دەوڵەت روبەڕوی فشار بووەتەوە و کاریگەرییەکانی کۆرۆناش لەسەر ئاستی جیهان وایکرد ئابوری توشی دۆخێکی نالەبار ببێتەوە.

هـ.هـ


PM:05:27:30/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 89424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو