حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی مردنی عیزه‌ت دووری له‌ هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌ ده‌دات


وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە عیزەت دووری لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر مردبێت و دەڵێت، ئەو بابەتە "بنەمای نییە و لە راستییەوە دوورە".


جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "هەواڵی مردنی عیزەت دووری جێگری سەدام حسێنی سەرۆكی پێشووی رژێمی بەعس لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر بنەمای نییە‌ و لە راستییەوە دوورە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "رۆژنامەی (اخبار الخلیج)، كە رۆژنامەیەكی بەحرەینییە، لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، عیزەت دووری جێگری سەرۆكی پێشووی رژێمی بەعس لە نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر مردووە".

باس لەوەشکراوە، "كەسوكارەكەی دەڵێن، عزەت دووریان بردووەتەوە لە شوێنێكی نزیک لە قەزای دۆر بەخاكیان سپاردووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو، 26ی ئەم مانگە، حزبی بەعسی عیراق بەبێ ئەوەی ھۆکاری مردنەکەی و شوێنی مردنەکەی ئاشكرا بکات، گیانلەدەستدانی عیزەت ئیبراھیم دووری ئەمینداری گشتی حزبەکەی راگەیاند، دواتر و لەلایەن رۆژنامەی (اخبار الخلیج)ی بەحرەینییەوە بڵاوکرایەوە، کە عیزەت دووری لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر گیانیلەدەستداوە.

عیزەت ئیبراھیم دووری لە 1ی تەممووزی 1942 لە ناوچەی دووری سەر بە پارێزگای سەلاحەددین لەدایکبووە و پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، وەکو ئەمینداری گشتی حزبی بەعس خۆی ناساندووە و لە ساڵی 2009 بەرەی جیھاد و رزگاری لە عیراق راگەیاند.


PM:03:30:30/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 9648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو