ئەمریکا لەبارەی تێکچونی دۆخی ئاسایشی عێراق هۆشداری دەدات

‌دۆخی ئەمنی عێرق لە ماوەی دو هەفتەی رابردودا ڕوی لە ئاڵۆزبون کردوە و چالاکی گروپەکان زیادیکردوە

وێستگەنیوز-

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدانەی روداوەکەی میقدادیە لە پارێزگای دیالە دەکەن کە بووەتە هۆی کوژرانی شەش هاوڵاتی لەلایەن چەکدارانی داعش، جەختیش  دەکەنەوە ئەو تاوانە دەریدەخات داعش تائێستاش هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی عێراق.

بالیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، واشنتن بەتوندی ئیدانەی روداوەکەی  میقدادیە لە پارێزگای دیالە دەکات کەلەلایەن چەکدارانی داعش ئەنجامدرا و ژمارەیەک هاوڵاتی هۆزی بەنی کەعبی کردوەتە ئامانج.

ئەوەش هاتوە، ئەو هێرشانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی داعش هەرچەندە لەڕوی سەربازییەوە بەرەو لاوازی رۆیشتوە، بەڵام تائێستاش هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە، بۆیە ئەمریکا لەگەڵ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربونەوەی ئەو رێکخراوە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردودا دو روداوی کوشتن لەلایەن گروپە چەکدارییەکانەوە لە شارۆچکەی میقدادیە لە پارێزگای دیالە و پارێزگای سەڵاحەدین تۆمارکران کە بریتی بون لە کوشتنی 13 هاوڵاتی و فڕێدانی تەرمەکانیان، حکومەتی عێراقیش دو لیژنەی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لەروداوەکان پێکهێناوە و بەڵێنی سزادانی بکەرانی روداوەکەیداوە.


PM:08:31:29/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 4036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت