پەروەردەی سلێمانی داوای کۆتاییهێنان بەبایکۆت و دەستپێکردنەوەی خوێندن دەکات


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرجەم رێکارە خۆپارێزییەکان لە خوێندنگاکان دابینکران و حکومەتی هەرێم بەڵێنی باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایانی داوە، داوا لە سەرجەم مامۆستایان دەکەن کۆتایی بەبایکۆت بهێنن و پرۆسەی خوێندن لە ئەمڕۆوە دەستپێبکاتەوە.

عومەر ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردودا یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەگشتی و لقی سلێمانی یەکێتییەکە بەتایبەتی بڕیاری کۆتاییهێنان بەبایکۆت  و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنیان داوە، بۆیە داوا لە مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانیش دەکەن کۆتایی بە بایکۆت بهێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە پێداویستییە خۆپارێزییەکانی بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دابینکراون و حکومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوەشی داوە دۆخی گوزەرانی مامۆستایان لەبەرچاو بگرێت و هاوکاربن دەستپێکردنەوەی خوێندن.

دوێنێش سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزارەتەکەیان رۆژی یەکشەممەی داهاتو کۆدەبێتەوە و جارێکی دیکەی هەڵسەنگاندن بۆ بەردەوامی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دەکات لەکاتێکدا دۆخی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا مەترسی تەشەنەسەندنی هەیە، داواش لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن.

لە 27ی ئەیلولی ئەمساڵەوە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردوە، بەڵام تا ئێستا مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردوە و داوای پێدانی موچە 30 رۆژ جارێک دەکەن، تا ئێستاش دیارنیە کەی دەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بۆ پۆلەکانی 12 و یەک و دو لە هۆڵەکانی قوتابخانە بێت و قۆناغەکانی دیکەش بە ئەلیکترۆنی بخوێنن، چاوه‌ڕوان دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوش بڕیاری نوێ لەوبارەیەوە بدرێت.


AM:11:30:27/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو