راپرسییەک ئاستی جەماوەری ترەمپ و بایدن دەخاتەڕو
جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان
وێستگەنیوز-
بۆیەکەمجار و هەفتەیەک بەر لەدەستپێکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، راپرسییەکان ئاماژە بە هەڵکشانی دەنگەکانی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان دەکەن و بەگوێرەی دواین راپرسی 48%ـی ئەمریکییەکان پشتیوانی ترەمپ دەکەن و لە بەرامبەردا بایدنی رکابەری 47%ـی پشتیوانی ئەمریکییەکانی هەیە.
دامەزراوەی راسمۆن بۆ توێژینەوە لە دواین راپرسیدا کە رۆژانی 24 و25 ئەم مانگە ئەنجامیداوە و هەزار 500 هاوڵاتی ئەمریکا بەشداریانکردوە، دەنگەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆیەکەمجار و دوای زیاتر لە مانگێک، لە راپرسییەکدا پێش جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان کەوتوە.
لە راپرسییەکەدا هاتووە، بەگوێرەی ئەنجامەکان رۆژی 3ـی تشرینی دووەم 48%ـی ئەمریکییەکان پشتیوانی ترەمپ دەکەن و لە بەرامبەردا بایدنی رکابەری 47%ـی پشتیوانی ئەمریکییەکانی هەیە، هەروەها 3%ـی دەنگدەران پشتیوانی کاندیدەکانی دیکە دەکەن.
22ی ئەم مانگەش دامەزراوەی رۆیتەرز لەدواین راپرسیدا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند، جۆبایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە ویلایەتی فلۆریدا 9 خاڵ لەپێش دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانە و لە زۆرێک لە ویلایەتە یەکلاییکەرەوەکانیش دەنگەکانی بایدن زیادیکردوە.
لەبەشێکی راپرسییەکەی دامەزراوەی رۆیتەرزدا ئاماژە بەوەشکرابوو، ئەوانەی بەشداربون لە راپرسییەکەدا کە لەنێوان رۆژانی 16 و 20 ئەم مانگە ئەنجامدراوە، دەرکەوت 51%ـی بەشداربوان لە ویلایەتی فلۆریدا لەبەرژەوەندی کاندیدی دیموکراتەکان یەکلابونەتەوە و 42%ـی بەشداربوانیش پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ لە پارتی کۆمارییەکان دەکەن.
لە دەنگدانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا ویلایەتەکانی ویسكۆنسن، پەنسلڤانیا، میشیگان، باکوری کارۆلینا، فلۆریدا و ئەریزۆنا رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە یەکلاکردنەوەی ناوی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی چوار ساڵی داهاتوی ئەمریکا.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ساڵی 2020 دەکەوێتە 3ی (تشرینی دوەم/11)، بژاردەی سەرەکی لەنێوان دو کاندیددا دەبێت ئەوانیش دۆناڵد ترەمپ لە پارتی کۆماری و جۆ بایدن لە پارتی دیموکرات.
AM:08:46:27/10/2020
ئهم بابهته 3336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت