هه‌وڵده‌درێت تابلۆی (پڕۆژه‌ی مێینه‌) بخرێته‌ كتێبی گینسه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

تابلۆیەكی چوار هه‌زار و 800 مەتری به‌ناوی (پڕۆژه‌ی مێینه‌) بە درێژایی شەقامی سالم لە باخچەی نالی تا بەردەم دادگای سلێمانی هەڵواسراوە و رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌تیش مه‌راسیمێكی بۆ پڕۆژه‌كه‌ رێكخست و ده‌ڵێت كه‌ هه‌وڵ ده‌دات پڕۆژه‌كه‌ بخاته‌ كتێبی گینسه‌وه‌.

رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت (CDO) ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ی تشرینی دووه‌می 2020، مەراسیمێكی بۆ (پڕۆژەی مێینە) ڕێكخست، كە لەلایەن شێوەكار تارا عەبدوڵا كاری لەسەر كراوە و تابلۆیەكی 4800 مەترییە و بە درێژایی شەقامی سالم لە باخچەی نالی تا بەردەم دادگای سلێمانی هەڵواسراوە. 

هەژان هێرش ئەندامی بەشی راگەیاندنی رێكخراوی CDO رایگەیاند: وەك لە چالاكییەكەدا باسمان كرد، ئەم پرۆژەیە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و دواتر تابلۆكە دەگەڕێنرێتەوە CDO، پلانی دیكه‌شمان هەیە بۆ گەیاندنی پەیامی دیكە بەشێوەی جیاواز.

وتیشی: دوای هەڵواسینی تابلۆكە خەڵك كاردانەوەی جیاوازیان هەبوو، ئێمە دەمانتوانی لە جێگەیەكی دیكە نمایشی بكەین، بەڵام دەمانەوێت ئازارەكان بەرزبكەینەوە بۆ سەر شەقام و بینەرێكی سادە لەگەڵ تابلۆیەكی رەنگاو رەنگی پڕ لە ئازار ئاشنا بكەین.

هەژان هێرش ئاماژەی بەوەشكرد، رێكخراوی CDO لە هەوڵدایە كە پرۆژەكە بخرێتە كتێبی گینسەوە، وتیشی: جل و بەرگەكان بەبێ جیاوازی مێینەكانی هەرێمی كوردستان لە منداڵەوە تا بەساڵاچوو لەخۆدەگرێت و كەیسەكانیان بەبێ ئاسكرا كردن لای خۆمان تۆماركراوە و لە پرۆژەی داهاتوودا بە شێوازی دیكە كاری لەسەر دەكەین.


PM:05:24:26/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت