ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ گرووپی هێرشکاری راگەیاند


وێستگه‌ نیوز ـ

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەمان لە هەرێمی کوردستان پوچەڵکردەوە و چەندین کەسیشمان دەستگیرکرد، کە پەیوەندییان لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکاندا هەیە".


ئەوەش خراوەتەڕوو، "دوو پلان پوچەڵکرانەوە، کە یەکێکیان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان پوچەڵکرانەوە"، دەشڵێت، "هەندێک لەپلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عیراق و دانیشتوی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لەلایەن ئەوانەوە ئاڕاستەکراون".

ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەو کەس و لایەنانەی بڕیاربوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلۆماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر".

باس لەوەشکراوە: "دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم، چەندین کەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیرکردووە، لە رێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتیش (ئینتەرپۆل)ـەوە داوای هەماهەنگیی و هاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا".

ئەوەش هاتووە، "لە کەیسی یەکەمدا دوازدە کەسی گومانلێکراو هەن پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، هاوکات چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون، کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پلانی هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو".

راشیگەیاندووە، "ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ  پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان، لە دوای چاودێریکردنی گروپەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا گیانی چەندین کەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێکراویش دەستگیربکرێن لەنێویاندا دوو هاوڵاتی سوری هەن، گومانلێکراوان بەپێی ماددەی یەکی یاسای 21ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوه‌".

روونیشیکردووەتەوە: "لە کەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەموویان هاوڵاتی عیراقین، ئەم گروپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە"، دەشڵێت، "پلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو و بەم زووانە گومانلێکراوان، بەپێی ماددەی یەکی یاسای 21ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێكردووه‌، گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەر هەموویان هاوڵاتی عیراقین، بە پێی ماددەی  یەکی یاسای 21ی ساڵی 2003 و بە بڕیاری دادگا دەستگیربکرێن".

دەشڵێت: "بەداوداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازیی لە بارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی".

راشیگەیاندووە: "پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو و گروپەکە زانیارییان لەگەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕکردووە و ئێمە حکومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکانمان لەم ئۆپراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بە دەستمانخستوون ئاگادارکردووەته‌وه‌".


PM:12:16:26/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو