وتەبێژی کازمی بۆ خۆپیشاندەران: رێگەمەدەن کەسانی گومانلێکراو توندوتیژی دروستبکەین

‌دیمەنێک لە خۆپیشادانەکانی ساڵی رابردو کە بەهۆیەوە 600 خۆپیشاندەرا کوژران

وێستگەنیوز-

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، داوا لە خۆپیشاندەرانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەکەن بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە گوزارشت لە ناڕەزاییەکانیان بکەن و رێگە نەدەن خەڵکانی گومان لێکراو و لەناو خۆپیشاندەرانەوە رەفتاری توندوتیژ بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان ئەنجام بدەن.

یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەپەیامێکدا کە ئاڕاستەی خۆپیشاندەرانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی کردوە باسی لەوەکردوە، داوا لە خۆپیشاندەران دەکەن خۆیان لە هەموو حاڵەتێکی گومانلێکراو لەناو خۆپیشاندەرانەوە بێ بەری بکەن لەپێناوی پاراستینی ئاسایش و گیانی رۆڵەکانی گەلی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزە ئەمنییەکان رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنبەر کە زیان بە موڵکی گشتی دەگەیەنن و هێرشدەکەنەسەر خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.

هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی سەدان هاوڵاتی لە گۆڕەپانی شەهیدان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ساڵیادی روداوەکانی تشرینی ساڵی 2019، هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێکاری توندی ئەمنیان گرتوەتەبەر و لەدواین رێکاریشدا سەرجەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخران.

لەشەوی رابردوەوە سەدان خۆپیشاندەر و گەنجی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو گەڕاونەتەوە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و ناڕازین لە ئەنجام و دەستکەوتی "شۆڕشەکەیان" ، کە بووە هۆی کوژرانی 600 کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە، لە ئەنجامیشدا حکومەتی عێراق هەڵوەشایەوە و حکومەتێک کە لانی کەم خواستی شەقامی لەسەربوو پێکهاتوە.

25ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 بەمەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، چارەسەرکردنی بێکاری کە بەگوێرەی هەندێ ئامار گەیشتوەتە 36% و چەند داواکارییەکی دیکە رژانە سەرشەقامەکان، لەماوەی سێ مانگی خۆپیشاندانەکاندا چەندین روبەڕبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رویدا و لەئەنجامدا 600 خۆپیشاندەر کوژران و بەهەزاران کەسی دیکەش برینداربون.

بەهۆی بەردەوامی ناڕەزاییەکان و دوای فتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق، 29ی (تشرینی دوەم/11)ـی ساڵی 2019 عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دەستیلەکارکێشایەوە.


PM:12:06:25/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو