کاکەمەم بۆتانی نوسەر و سیاسەتمەداری دیاری کورد کۆچی دواییکرد

‌کاکەمەم بۆتانی، سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

وێستگەنیوز-

کاکەمەم بۆتانی، نوسەر و سیاسەتمەداری کورد و سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە بنەماڵەی کاکەمەم بۆتانی، نوسەر و سیاسەتمەداری کورد رایدەگەیەنن رێورەسمی بەخاکسپاردنی کاکەمەم بۆتانی رۆژی یەکشەمە بەرواری 25 ی 10 کاتژمێر 1:00 ی دوای نیوەڕۆ روفاتی بەرەو مزگەوتی سامی گەردی لەسەر شەقامی کۆیە بەرامبەر ماجدی مۆڵ بەرێدەکرێت و نوێژی لەسەر دەکرێت.

ئەوەش هاتوە، کاتژمێر 3:00ی پاش نیوەڕۆ لە گۆرستانی شێخ ئەحمەد (بەلەدییە) تەنیشت تەرمێناڵی هەولێر بەخاک دەسپێردرێت و لەبەر پابەندبوونمان بە رێنماییە تەندروستیەکان پڕسە داناندرێت.

کاکەمەم بۆتانی ساڵی 1937 لە شاری کۆیە لەدایکبووە، خوێندنی زانکۆی لە بەغدا تەواوکردوە و دواتر بووەتە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام کاکەمەم خۆی دەڵێت لەدوای ساڵی 1965ەوە وازی لە حزبایەتی هێناوە و هەمیشە لە خزمەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردایەتیدا بووە.

کاکەمەم بۆتانی لەساڵی 1968 هەموو هەوڵێکی داوە بۆ دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی کورد و ساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگە، دوای نسکۆی شۆڕشی 1975 بڕیاریداوە هیچ بەرهەمێک لە بڵاوکراوەکانی ژێردەسەڵاتی رژێمی بەعسدا بڵاونەکاتەوە، ناوبراو لەساڵی 1993ەوە تاوەکو ساڵی 2000 راوێژکاری روناکبیری بووە لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم و دواتریش بووەتە سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی بنەماڵە و دۆست و هاوڕێکانی کاکە مەم بۆتانی کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی: 

پرسه‌نامه‌یه‌ک له‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌

بە داخەوە هەواڵی کۆچی دواییی نووسەر و ئەدیبی ناسراو، سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد کاکە مەم بۆتانیم بیست. 

پرسه‌ و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەیان و که‌سوکار  و هاوڕێ و دۆستانی و لە ئەدیب و نووسەرانی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم. 

لە خوای مەزن داواکارم خوالێخۆشبوو بخاتە بەر به‌زه‌یی و میهرەبانیی خۆی و سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت. 
نێچیرڤان بارزانی 
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان


AM:08:32:25/10/2020






ئه‌م بابه‌ته 35200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو