گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە تورکیا رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکەن

‌دیمەنی بۆردومانەکەی ئەمشەو لە ناحیەی عەین عیسا

وێستگەنیوز-

ئەمشەو سوپای تورکیا و چەکدارەکانیان چەند گوندێکی ناحیەی عەین عیسا سەر بە ناوچەی گری سپی لە سنوری پارێزگای رەققە بە سەختی تۆپباران دەکەن و هەسەدەش وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە.

میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا و چەکدارەکانیان گوندەکانی ھۆشان و خالدیە و ئیستراحیە لە رۆژئاوای ناحیەی عەین عیسی لە سەر رێگای نێودەوڵەتی M4 بە سەختی بۆردومان کردوە.

لای خۆیەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دوو رۆژی رابردوو گروپێک لە چەکدارانی سەر بە تورکیا ھەوڵیانداوە بە دزییەوە بڕۆنە ناو ناوچەی عەین عیسا، بەڵام یەکەی شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی عەین عیسا بەرەنگارییان بوونەوە و لە دەورووبەری گوندی سەیدا شەڕ روویداوە، بەوهۆیەش 10 چەکدار کوژران .

ناحیەی عەین عیسا بارەگای سەرەکی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریای تێدایە و  زۆرینەی کاروبارە ئیدارییەکان بۆ  ناوچەکانی باکوری سوریا لەو شارۆچکەیەوە راییدەکرێت.



AM:12:00:25/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت