شارەوانی هەولێر: 15 هەزار زەوی دیکەی کارت تاپۆ دەکرێن


وێستگەنیوز-

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە ئێستا 15 هەزار كارتی دیكە لە سنووری پیرزین-كەرك2، گردەڕشە ئەسعەد، كەرتی بیریات تاپۆ دەكرێن و مامەڵەكانیان رەوانەی تێبینەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی عەنكاوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر كراون، بۆ ئەوەی بە خێرایی رێكارە یاساییەكانی تاپۆكردنیان ئەنجام بدرێت، بەوەش 69% پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوی کارت لە هەولێر کۆتایی دێت.

سەرچاوەیەک لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند،  لەو 15 هەزار كارتەی بەمزووانە تاپۆ دەكرێن، (5000) هەزاریان دەكەونە سنووری پیرزین-كەرك2 و تەواوی رێكارەكانیان لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە تەواو كراوە و رەوانەی تێبینەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی عەنكاوە كراون و بەمزووانە تاپۆكانیان تەواو دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها (6000) هەزار كارتی دیكەش لە سنووری گردەڕەشە ئەسعەد (بەشێك لە باغمرە شەهاب)  لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە مامەڵەكانیان تەواو كراون و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر2 كراون، بۆ ئەوەی بەخێرایی كاری جیاكردنەوەیان بۆ بكرێت بە مەبەستی تاپۆكردنیان.  

سەرچاوەكە گوتیشی هاوكات لە سنووری كەرتی بیریات نزیكەی (4000) هەزار كارت بە مەبەستی تاپۆكردنیان مامەڵەكانیان لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر تەواو كراون و ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر1 كاریان لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بە خێرایی مامەڵەی تاپۆكردنیان تەواو بكرێت و تاپۆكان بدرێنەوە هاووڵاتییان.

سەرچاوەكە دەشڵێت، ماوەیەك پێش ئێستا 6000 هەزار كارتی دیكەش لە سنووری كەرتی باغمرە شەهاب تاپۆكران، هەروەها سوپاسی فەرمانگەكانی تۆماری خانووبەرەی هەولێر دەكەین كە زۆر هاوكارمان لەو بابەتە، گوتیشی: پرۆسەی تاپۆكردنی كارتەكان لە رێگەی لیژنەیەكەوە بەردەوامی دەبێت و هەموو ئەو كارتانەی تر تاپۆ دەكرێن، كە تاوەكو ئێستا تاپۆ نەكراون، واتە پرۆسەی تاپۆكردنی كارتەكان بەردەوامی دەبێت.

29ـی ئەیلولیش وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی بەبڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی تاپۆکردنی زەوی کارت (فۆرم) لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان دەستیپێکرد، پرۆسەکە لەپارێزگای هەولێر بەخێرایی جێبەجێدەکرێت لەدو رۆژی داهاتودا تاپۆی شەش هەزار پارچەزەوی دیکەش دەدرێتەوە خاوەنەکانیان، بەوەش 57%ی پرۆسەکە تەواو دەکرێت.

رۆژی 5/5/2020ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دێت بڕیاری خێرا تاپۆكردنی كارتەكان درا، دواتر سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێری لیژنەیەكی تایبەتی بۆ تاپۆكردنی كارتەكان پێکهێناوە، كە ژمارەی كارتەكان 125 هەزار كارت بوو، لە كۆی ئەو ژمارەیەش تاوەكو ئێستا 65 هەزار كارتیان كاری تاپۆكردنیان تەواو كراون.


PM:10:52:24/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت