کازمی: هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

‌مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی لەماوەی دەستبەکاربونیدا چەندین دۆسیەی گەندەڵی گەورەی ئاشکراکردوە و بەرپرسانی لەسەر روبەڕوی یاساکراوەتەوە، هەروەها لە ئێستادا سەرنجیان خستوەتە سەر چاکسازییەکی گشتگیری دارایی، بۆیە جەخت دەکەنەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی خۆیدا دەکرێت و داواش لە گەنجانی خۆپیشاندەر دەکەن پارێزگای لە ئاشتیخوازی ناڕەزاییەکانیان بکەن.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی 25ـی تشرینی ئاڕاستەی گەلی عێراقی کرد و باسی لەوەکردوە، حکومەت داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی کردوەتە کارنامەی خۆیی و لەو چوارچێوەشدا پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەبەکارهێنانی سیستەمی بایۆمەتری و سەرجەم رێکارەکانی رێگریکردن لە ساختەکاری بەڕێوەدەچێت، بۆیە داوا لە گەنجان دەکەن نوێنەری راستەقینەوەی خۆیان رەوانەی دامەزراوە دەستورییەکان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێڕاق لە ماوەی کەمتر لەساڵێک بەسەر دەستبەکاربونیدا کاریکردوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران و لەئێستادا لێکۆڵینەوەکان گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی، هاوکات کاریانکردوە بۆ باشترکردنی سیستەمی ئابوری و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، لەو چوارچێوەیەشدا پرۆسەی چاکسازی ئابوریان رەوانەی پەرلەمان کردوە.

سەرۆک وەزیرانی عێڕاق لەبارەی گردبونەوەکانی سبەیش کە بەبۆنەی ساڵیادی خۆپیشاندانەکان لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڕێوەدەچن، داوای لە هێزە ئەمییەکان و خۆپیشاندەران کرد و پارێزگاری لە ئاشتیخوازی گردبونەوەکان بکەن و موڵکی ماڵی گشتی بپارێزن.

25ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 بەمەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، چارەسەرکردنی بێکاری کە بەگوێرەی هەندێ ئامار گەیشتوەتە 36% و چەند داواکارییەکی دیکە رژانە سەرشەقامەکان، لەماوەی سێ مانگی خۆپیشاندانەکاندا چەندین روبەڕبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رویدا و لەئەنجامدا 600 خۆپیشاندەر کوژران و بەهەزاران کەسی دیکەش برینداربون، بەوهۆکارەش 29ی (تشرینی دوەم/11) عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دەستیلەکارکێشایەوە.





PM:09:14:24/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو