كادیرێكی بزووتنەوەی ئیسلامی: دوور لە ترس و دۆڕان و كۆرۆنا، نامومكینە كۆنگرە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكرێت


وێستگە نیوز-

كادیرێكی دیاری بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، دوور لە ترس و دۆڕان و كۆرۆنا، نامومكینە كۆنگرە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكرێت، بەڵكو لەكۆنگرە بڕیارێكی جەریئانە لە چارەنووسی ئێستای دەدرێت لەلایەن دوادەسەڵاتی ئەندامانی پاڵێوراوی ناو كۆنگرەوە.

ئاری عەبدوللەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لەفراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و كادیری دیاری ئەو حیزبە رایگەیاندووە "بێ گەڕانەوە و پشتبەستن بە دوێنێ و مێژووی ڕابردوو، بێ ھەڵچنینی خەونی ئایندەی نەھاتوو، دوور لە ھەنگاوی تەشریفاتیی و سیاسەتی موماتەڵە و خۆخواردنەوە و ڕەحمكردن بە درێژەدان بە مەفسەدەی كار، ٢٠٢٠/١١/١ كۆنگرەی (١٢)ی بزووتنەوەی ئیسلامی دەبەسترێت و بە پاكێجی ئەمڕۆسازییەكی جۆرییەوە، بڕیارێكی جەریئانە لە چارەنووسی ئێستای دەدرێت لەلایەن دوادەسەڵاتی ئەندامانی پاڵێوراوی ناو كۆنگرەوە".

ئاری عەبدوللەتیف وتویەتی "ئەگەر ئەندامان، بە ھۆشیارییەكی بێ لام و جیمەوە، بە تێپەڕاندنی عەواتیف و مەحسوبییەت و مەنسوبییەتەوە، بە فۆكس لەسەر دانان لەسەر برین و زەخمە ئۆرگانییەكان و پەنجەی تیمار وەردان لەسەریان، ساتەوەختی گەرمی كۆنگرە، وەك دكتۆرێكی خودان زانست و ئەزموونی بێ ڕەحم، ھەستن بە ئەدای ئەسڵی خۆیان، بێگومان كۆنگرەكە، بونیاد و ئەمڕۆیی دەبێت و بە نێتی دوانزەی ڕەبیعەوە، دوانزە خشتی ڕۆنانكار دادەنێن و ئەم حیزبە لەم نائۆرگانیی و ناسیستەمیی و بێ مەركەزییەتە قوتار دەكەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەگەر لە بری سەدان ئەندام تەنانەت دوانزە پارادایم بێنە ناو ھۆڵی كۆنگرە، لەوە خاترجەمم كە ھەیكەلی بزووتنەوە بە ڕیفۆرمێكی سەردەمییانەوە لە دوای كۆنگرە دەبینینەوە، پلانی ئەی و بییش سەری نەگرت، پلانی سیی پیادە بكەن، كە خۆی دەبینێتەوە لە ڕادەستكردنی بزووتنەوە بە ھەر زەید و عەمرێك كە بزووتنەوەن و ڕیكلامیش بۆ دڵسۆزایەتیی بێتام ناكەن".

هەروەها دەڵێت، دوور لە ترس و دۆڕان و كۆرۆنا، نامومكینە كۆنگرە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكرێت، كات زوو نییە و گرنگە، شوێنیش ناگرنگ ئەگەر لە مزگەوتی دوورە دێیەكیشدا بێت.

بزووتنەوەی ئیسلامی هەشت ساڵە لەلایەن عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەرایەتی دەكرێت، لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان هیچ كورسییەكیان نییە و بەشداریش نین لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.


PM:02:41:23/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت