سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ: شێروان شێروانی لەزیندانی ئاسایشی گشتیە


وێستگە نیوز-

زیا بترس سڵێوە، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای بەدواداچوونیان دەركەوتووە رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەئاسایشی گشتی لەشاری هەولێر زیندانی كراوە، ناوبراو هۆشداریش دەدات لەڕەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان.

زیا بترۆس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لەم وتووێژەی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا باس لەكاری دەستەكەیان دەكات لەسەر چارەنووسی ڕۆژنامەنووس(شێروان شێروانی) كە ماوەی دوو هەفتەیە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی عیراق بێ بڵاوكردنەوەی هۆكاری دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراوە، هەروەها باسیش لەدەستگیركردنی شڤان سەعید و چەند چالاكوانێكی مەدەنی لەشاری دهۆك لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەكات هەروەها ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕینیش بەخراپتر و مەترسیدار باس دەكات.

زیا بترۆس سڵێوە، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ سەبارەت بەدەستگیركردنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی و چەند چالاكوانێك لەشاری دهۆك بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "ئاگاداری ئەم بارودۆخەین بەتایبەتی ئەوەی شێروان شێروانی، وە ئاگادار بووین و ویستمان بزانیین بە چ ڕێكارێكی یاسایی گیراوە، ئەوە بوو پەیوەندیمان كرد بە دەستەوە بەڕاستی وتمان ئێمە پێویستمان بەسكاڵایەكە لەیەكێك لەكەسوكاری بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ڕێكاری یاسایی خۆمان بگرینەبەر".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەوە بوو پێش سێ ڕۆژ هاوسەرەكەی هات بۆ دەستە و سكاڵای پێشكەشكرد بەفەرمی لەهەمان كاتدا ئێمە نوسراوێكی فەرمیمان كردووە بۆ ئاسایشی گشتی بۆ ئەوەی بزانیین چارەنوسی چیە چونكە داواكاری هاوسەرەكەی ئەوەبوو كە نازانن لە كوێیە، وە باسی ئەوەیان كرد كە ڕفاندوویانە، بەڵام ئەوەی ئێمە زانیاریمان كۆكردبۆیەوە ، نەخێر هێزێكی فەرمی لەئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ بەفەرمانی دادوەر چوونەتە ماڵیان دەوروبەری كاتژمێر 4:30 ئێوارە بووە كەگرتوویانە، بەڵام تائێستا چاوپێكەوتنییان لەگەڵ نەكراوە بەپێی یاساكان ئەمە هەڵەیە".

سڵێوە روونیكردەوە "بەلایەنی زۆری دەبێت 72 كاتژمێر كەسوكاری یاخود پارێزەریشی هەبێت ئەمانە یەكێكن لە بنەماكانی مافی مرۆڤ، بۆیە پێویستە هێزە ئەمنییەكان ئاگاداری كەسوكاری ئەم كەسە بكەن كە لە چ شوێنێكە بۆئەوەی دڵنیابن، دووەمیش ڕێگە بدرێت بەتایبەتی پارێزەرەكەی لەقۆناغی لێكۆڵینەوە چونكە زۆر گرنگە پارێزەری هەبێت پێویستە مەجالی هاوسەرەكەشی بدرێت بۆ بینینی".

زیا بترۆس سەبارەت بەدواداچوونی دەستەكەیان لەسەر كەیسی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، دەڵێت" من پەیوەندیم كرد بەچەند لایەنێك لەئاسایش كە لەئاستێكی بەرز بوون بۆ ئەوەی ڕاستەخۆ و خێرا بزانن بابەتەكەی چییە؟ ئەوان بەفەرمی وەڵاممان دەدەنەوە ئەوەی كە زانیم لەدادگا بڕیاری ڕاگرتنی هەبووە، وە ئێستا لەئاسایشی گشتی هەولێرە، باسی تۆمەتەكەی نەوت، پاش دوو ڕۆژ دووبارە من پەیوەندیەكم كرد بۆ ئەوەی بزانم بابەتەكەی چۆنە و تیمێكی دەستە بنێرم و بیبینن ئەم كەسە (شێروان شێروانی) پەڕاوەكەی ببینرێت بۆئەوەی بزانیین لێكۆڵینەوە چۆن كراوە لەسەری و ئەو ماددەیەی كە لەسەری گیراوە چ ماددەیەكە هەتا ئێستا ئەم زانیاریەمان بەدەست نەگەیشتووە".

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان ڕوونیشیكردەوە" بەپێی كارەكانمان سەرەتا دەبێت ئێمە بزانیین ئەم كابرایە (شێروان شێروانی) لەكوێیە و چۆنە و بەچی گیراوە؟ پاش ئەوە تیمی تایبەتمان هەیە كە بەشی بەندیخانەن و بەشی سكاڵا پێكەوە دەڕۆن بۆئەوەی بچن بیبینن بەڵام هەتا ئێستا نەڕۆیشتوون، بەڵام وەك ئاماژەم پێكرد بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییەی كە هەمانە لەئاسایشی گشتی هەولێرە".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە كاری دەسەڵاتەكانی ئاسایش دیاریكراوە لەو كەیسانەی كاری تێدا دەكەن كەبریتیە لە (تیرۆر، ماددەی هۆشبەر، ساختەكردنی دراو، وە ڕفاندن) بەدەر لەوە كەیسەكانی تر پۆلیس كاری تێدا دەكات، بۆچی لەكەیسی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) ئاسایش كاری تێداكردووە لەكاتێكدا ئەو كەسە ڕۆژنامەنووسە وەك دەوترێت لەسەر ڕەخنەكانی دەستگیركراوە؟

لەوەڵامدا زیا بتڕس وتویەتی "ئەگەر بەتۆمەتی ئازادی ڕادەربڕین و كاری ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنوسی بێت ئەمە مانای وایە ناكرێت لەڕێگەی ئاسایشەوە بگیرێت، گرتنەكەی و مانەوەی لەئاسایش بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییەی كە هەمانە پەیوەستە بەئاسایشی وڵاتەوە مەرج نییە هەر ڕۆژنامەنوسێك بەیاسای ڕۆژنامەنووسان و یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە 35ی 2007 بگیرێت. ڕەنگە كارێكی كردبێت كە پەیوەست نەبێت بەڕۆژنامەنووسیەوە لەبەرئەوە كاتێك من زانیاریەكی تەواوم نەبێت ناتوانم بۆ ڕاگەیاندنی باس بكەم بەڵام بەپێی یاسا، مادام لە ئاسایشە كەواتە دیارە دادگا ماددەیەكی بۆ داناوە كە پەیوەستە بە دەسەڵاتەكانی ئاسایش لەبەرئەوە براوە بۆ ئاسایش، بەڵام ئێمە هەتا كەیسەكەی نەبینیین من ناتوانم بە فەرمی باسی ئەم بابەتە بكەم".


سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ جەختی لەوەكردەوە، ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ ڕۆژ بە رۆژ بەرە و خراپتر دەڕوات هۆكارەكانیشی دیارن بارودۆخەكە وایلێهاتووە كە خەڵكی هەرێمی كوردستان لەقەیرانی ئابوری و دارایی و سیاسی و ئەم بارودۆخەی كە ئێستا پێی تێپەڕ دەبن، هەروەها بابەتی سەروەربوونی یاسا و دادگاكان زۆر كێشە هەیە، ئەم كێشانە كاتێك كە چارەسەر نەكرا هۆكارێكی سەرەكین بۆ ئەوەی ڕەوشەكانی مافی مرۆڤ بەرە و خراپتر بڕوات.

هەروەها دەڵێت "هەمان سێكتەرە لەسێكتەرەكانی تر كە ڕەوشی ڕۆژنامەنوسان و كاری ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین، بەتایبەتی پاش ئەوەی خۆپیشاندانەكە كرا لە زاخۆ و لە دهۆك و شوێنەكانی تر بارودۆخەكە بەرەو خراپتر ڕۆیشت، من چەند جارێك باسم كردووە كە هەتا كاری ڕۆژنامەنوسان و ڕۆژنامەگەری ڕێكنەخرێت بەیاسایەك بەكارنەبێت ئەم بارودۆخە هەرئاوا دەمێنێتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ چەند كەیسێك و چەند حاڵەتێك دەبینین كە پێشێلكاری مافەكانیان كراوە بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بەزووترین كات بەدواداچونێكی جددی بكەن بۆ ڕێكخستنی كاروباری ڕۆژنامەنوسی و ڕۆژنامەگەری بۆئەوەی ئەوانیش بتوانن بەچ شێوەیەك كاربكەن واتە ئێستا بەڕاستی فەوزایە".


سەبارەت بەدەستگیركردنی شڤان سەعید و چەند چالاكوانێكی دهۆك، زیا بترۆس وتی" ئەوەی لە دهۆك كراوە یەكسەر هەواڵم داوە بەبەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆك بۆئەوەی بەخێرایی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكات و بەڕاپۆرتێك ئاگادارمان بكاتەوە بزانین بارودۆخەكە چۆن بووە، ئەوەی كە من بینیم براكەی نوسیبووی و دوو سێ پەیجیش بڵاویان كردبوویەوە دیارە ئەوانیش هێزێكی ئەمنی هاتوونەتە سەری و ئەو گرتە ڤیدیۆیەش كەكچەكەی قسەی دەكرد، دیاربوو شتەكانی ماڵەوە لەشوێنی خۆی نەبوون دیارە سەیارەیەك هەبوو لەوێ ئەوان باس دەكەن كە ئەمانە دەمامكیان بەستبوو وە مەدەنیش بوون، بەڵام من ناتوانم بڵێم ئەمانە چین هەتا ڕاپۆرتەكەم بۆ نەیەت لە نوسینگەی دهۆك ئینجا ئێمە دەتوانیین باسی ئەو بابەتە بكەین".

زیا بترۆس ئەوەشی وت "ئێمە لە دەستە ئەوە چەند ساڵێكە و چەندجارێكیشە خول و ڕاهێنانیشمان كردۆتەوە بۆ ئەفسەر و بۆ كارمەندانی هێزەكانی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایش و نەهێشتنی تاوان ، وە چەند جاریش باسمان كردووە پێویستە لەكاتی دەستگیركردنی هەر كەسێك چەند ڕێكاری یاسایی هەبێت، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە بەبێ فەرمانی دادەوەر نابێت كەس بگیرێت، كاتێك كە دەچن بۆ گرتن دەبێت ڕەچاوی شكۆی ئەو مرۆڤانە بكەن نابێت شكۆیان بشكێنرێت، بەپێی یاسای عێراقی كە دەچنەسەر ماڵێك لایەنی كەم دەبێت موختاری گەڕەك لەگەڵیان بێت كەموكوڕیەكی زۆر هەیە لەلایەن كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان كاتێك دەچن بۆ جێبەجێ كردنی فەرمانێك، بۆیە ئێستا پێویستە لە وەزارەتی ناوخۆ هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس خول و ڕاهێنان بكەنەوە بۆ ئەو كارمەندانە و یەكەمین جار پێیان بڵێن لەكاتی دەستگیركردنی هەركەسێك پێویستە مامەڵەیەكی مرۆڤانەی لەگەڵ بكرێت چونكە هەركەسێك كە دەڵێن ئەمە تۆمەتبارە ناتوانیت تۆمەتەكەی بسەلمێنیت هەتا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ نەكرێت."

ناوبراو پێشبینی ئەوەی كرد ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ بەرەو خراپتر بڕوات لەو ڕوەوە دەڵێت" پێشبینیم ئەوەیە ئەگەر كێشە سەرەكیەكانی وڵاتی ئێمە لەسیستەمی حكومڕانی، لەدامودەزگاكان، لەوەی كە ئێستا باسی دەكەین و دەڵێن چاكسازی دەكەین، نەهێشتنی ئەم قەیرانە داراییە، باشكردنی ڕەوشی فەرمانبەران و جوڵانەوەی بازاڕ و ڕەخساندنی هەلیكار بۆ ئەوانەی كە كاریان نییە، ئەگەر ئەمانە چارەسەر نەكرێت ڕەوشەكە بەرە و خراپتریش دەڕوات، چونكە ڕۆژ بەڕۆژ ڕەوشی دەروونی هەموو هاوڵاتیەك بەرەو خراپتر دەڕوات كەئەمانە هەمووی دەبێت چارەسەر بكرێت".



AM:10:37:23/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت