پۆلیسی دھۆک: بێڕێزی بەرامبەر تۆمەتباران نەکراوە


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دھۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگاوە بۆ چەند تۆمەتبارێک دەرچوو، دەزگا ئەمنیەکانیش وەک ھەر بڕیارێکی دیکە، ئەرکەکەی خۆیان جێبەجێکردوە و ھیچ "بێڕێزییەک" بەس کەس نەکراوە.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دھۆک راگیەیاندووە، " ئەمڕۆ لەلایەن چەند کەناڵ و پەیجێکەوە بڵاوکراوەتەوە، ھێزەکانی پۆلیسی دھۆک لەکاتی دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێکدا، بێڕێزیان بەرامبەر کردون و ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەڵام ئەو ھەواڵانە رەتدەکەینەوە و بەھیچ شێوەیەک سوکایەتی بەوکەسانە نەکراوە کە دەستگیرکراون و ھەندێک کەس و لایەنی تێکدەر ھەوڵی تێکدانی رەوشی ئارامی پارێزگای دھۆک دەدەن و دەیانەوێت راستیەکان بشارنەوە و دۆخەکە بشێوێنن".

لە راگەیەنراوەکەی پۆلیسی پارێزگای دھۆکدا ھاتووە، ئەمڕۆ بەپێی ماددەی ٢٢١ لە یاسای سزادانی عێراقی، "فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگاوە بۆ چەند تۆمەتبارێک دەرچوو، دەزگا ئەمنیەکانیش وەک ھەر بڕیارێکی دیکە، ئەرکەکەی خۆیان جێبەجێکردوە وەک ھەر حاڵەتێکی ئاسایی، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان رەوانەی دادگای کردون بەبێ ئەوەی بێڕێزیان بەرامبەر بکات".

راگەیەراوەکەی پۆلیسی دهۆک دوای ئەوە هات ئەمڕۆ پێنجشەممە مامۆستا شڤان سەعید بەروشکی لەناو ماڵەکەی خۆی و بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانیەوە دەستگیرکرا و دواتر خێزانەکەی ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و بەگریانەوە باسیان لەوەکرد، کە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکدارەوە دەستگیرکراوە.


PM:10:03:22/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو