لە دوو رۆژدا 232 پەنابەر لە دەریای ئیجەدا رزگارکراون

‌سەرجەم ئەو پەنابەران لەلایەن یۆنانەوە دیپۆرتکراونەتەوە

وێستگەنیوز-

فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (21 و 22ی تشرینی یەکەم) 232 پەنابەر لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی تورکیاوە لە دەریای ئیجەدا رزگارکراون.

هیوا خدر، ئەندامی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق وێستگەنیوزی راگەیاند، دوێنێ لە دوو کاتی جیاوازدا هەریەک لە ناوچەکانی ( داتشا و مەرمەریس ) 197 لەناو حەوت بەلەمی چووپی فریاگوزاریدا لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری تورکیاوە لەدەریایی ئیجەدا ڕزگارکران، کە ئەو پەنابەرانە پێشتر دوای گەیشتنیان بە کەنارە دەریاییەکانی یۆنان لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری یۆنانەوە دیپۆرت کرابوونەوە.

ئەوەش هاتوە، ئەمڕۆش لەناوچە بۆدرووم هەر سەر بەشاری مۆغەڵا ( 35 ) پەنابەری تر دوای دیپۆرتکردنەوەیان لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری دەریایی یۆنانەوە بۆ سنوری دەریایی تورکیا لەبەلەمێکی چوپدا ڕزگارکران.

پێشوتریش ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە وێستگەنیوزی راگەیاندبو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 31 هەزار کۆچبەر داوای مافی پەنابەرییان لەوڵاتانی ئەوروپا کردووە و دوای وەستانی بۆ ماوەیەک بەهۆی داخرانی سنورەکان، جارێکی دیکە شەپۆل کۆچکردن لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردوەتەوە.


PM:08:21:22/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت