کونسوڵخانەی ئەمریکا 500 هەزار دۆلاری بەخشیە پەرستگای لالش


وێستگه‌ نیوز ـ
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، بڕی 500 هه‌زار دۆلاری بەخشیە پەرستگای لالش، لە پێناو نۆژەنکردنەوەی ئەو پەرستگایەی ئێزدییەکان.


بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا، کونسوڵی گشتی رۆب واڵەر سەردانی پەرستگای لالشی کرد و چاویکەوت بە سەرکردە ئێزدییەکان و 500 ھەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە تەرخانکرد.

سه‌ردانه‌كه‌ی كونسوڵی گشتی رۆژی چوارشەممە 21ی تشرینی یه‌كه‌م ئه‌نجامدرا، له‌و باره‌وه‌ وتی: "کۆمەکەکە دەرخەری پابەندی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ یارمەتیدانی پێکھاتە ئاینی و ئیتنیەکانی عیراق لەپێناو سارێژبوونی زامەکان و بوژاندنەوەی کۆمەڵگاکانیان دوای ئەوەی داعش تاوانی "جینۆسایدی دەرھەق ئەنجامدان".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌: "ھەرلە لالش، کونسوڵی گشتی لەگەڵ کەریم سلێمان، راوێژکاری میری ئێزدیان کۆبووەوە و گفتوگۆی دوا پەرەسەندنەکانی تایبەت بەکۆمەڵگای ئێزدیان کرد، لەوانەش ڤێککەوتنی ئەمدواییەی تایبەت بە شنگال لە نێوان حکومەتی عدراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی پشتیوانیکردنی گەڕانەوەی سەلامەت و خۆویستانەو دوور مەودای ئاوارەکان. کونسوڵی گشتی گەڕانێکی بەناو پەرستگاکەدا کرد بۆ بینینی بەرەوپێشچوونەکانی کاری نۆژەنکردنەوەکە  کە لە ساڵی ٢٠١٨ ەوەو بە پشتیوانی کۆمەکێکی دارایی پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستی پێکرابوو".

لەسەرەتای داگیرکاری داعشەوە لە عیراق لە ساڵی 2014، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 470 ملیۆن دۆلاری لە شێوەی کۆمەکی مرۆیی بۆ ئێزدی و پێکھاتەکانی تر تەرخانکردووە. ئه‌مه‌ش وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌ کۆمەکەکانی ئەمریکا بوونە مایەی گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە گرنگەکان و دەرفەتی کاریان زیاتر کردوه‌و پشتیوانی کاروبازرگانی خۆجێییان کردووه‌، ھەروەك بوونە مایەی وەگەرخستنی کاراکتەرە لۆکاڵی و نیشتمانییەکان بۆ بەرگرتن لە کارەساتی دڕندانەی ھاوشێوە لە داھاتوودا.

كونسووڵخانه‌كه‌ ئاماژه‌شی به‌وه‌ داوه‌، کۆمەکەکانی ئەمریکا راھێنانی پزیشکیان فەراھەم کرد کە بوونە ھۆی ئەوەی ئێزدیەکان بتوانن لەو نۆرینگە تەندروستیانەدا کار بکەن کە ستافیان کەمە و بوونە مایەی دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتری سایکۆلۆژی و عەقڵی بۆ ئەو ئێزدیانەی دەربازبووی جینۆساید و ژێردەستەیی داعش بوون و، ھەرەوھا بوونە مایەی پێشکەشکردنی پشتیوانی یاسایی بۆ بەڵگە کۆکردنەوەو بابەتی خاوەندارێتی و ئەوانەی ویستی دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی داعشیان ھەیە.

پێشتریش لەساڵی 2018 باڵیۆز ماسیو تولەر، یەکەم کۆمەکی دارایی بە بڕی 500 هه‌زار دۆلار بۆ دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش راگەیاند.

رۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی هه‌ر دوێنێ چوارشه‌ممه‌ سەردانی شێخانی کردوه‌و لەگەڵ سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان کۆبووەوه‌ و گفتوگۆی دۆخی ئابووری و سیاسی و ھەرەوەھا بەرنامەی گەشەپێدانی داھاتوویان کرد.

پەرستگای لالش، پەرسگای ئاینی ئێزیدیەكانە، بە دووری 12 کیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ناوەندی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك. پیرۆزترین پەرستگای ئیزیدیەكانە كە ساڵانە لە جەژنی جەما ئیزیدیەكانی دەرەوەی هەرێمیش دێن سەردانی دەكەن و بەشداری جەژنەكەیان دەكەن.


AM:09:02:22/10/2020




















ئه‌م بابه‌ته 1620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو