شه‌ش به‌ندكراو هه‌وڵی خۆ كوشتنیاندا و یه‌كێكیان گیانی له‌ ده‌ستدا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لانیکەم شەش بەندکراوی راگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی چوارشەممە 21ی ئۆكتۆبه‌ری 2020، بەندکراوێکی راگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە بە ناوی کەریم خواجەپوور، دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارە گیانی لە دەست داوە.

کەریم خواجەپوور رۆژی دووشەممە 28ی رەزبەر لەگەڵ چەند بەندکراوێکی دیکەی راگیراو لە بەندی یه‌ك و دوو دوای تێکهەڵچوونێک بۆ بەندی ئەمن گوازرابوونەوە و هەمان رۆژ لەڕێگای خواردنی وردە شووشە و لەخۆدان بە کەرەستەی تیژ هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازرابووەوە.

چوار کەسی دیکە لە هاوبەندیەکانی کەریم خواجەپوور، بە ناوەکانی حوجەت دڵارام، بابەک سۆفی، تەوحید غەزنەوی و میلاد (نازناو نادیار) دوای ئەوەی ناوبراو هەوڵی خۆکوشتنی دابوو لەگەڵ باقی بەندکراوەکان تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوون و دواتر بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازرابوونەوە.

ئەو چوار بەندکراوە رۆژی دووشەممە 29ی رەزبەر هاوکات و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت گواستنەوەیان بۆ ژووری تاکەکەسی، بە کەرەستەی تیژ هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی ئەو بەندکراوانە تووشی خوێنبەربوون بوون، هێزە ئەمنییەکان رژاونەتە ناو بەندەکانیان و بە باتۆم لێیانیان داوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە هەر جۆرە خزمەتگوزاراییەکی پزیشکی بێبەش بوون.


AM:08:36:22/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت