یۆنان ئامادەکارییەکانی بۆ دروستکردنی دیوارێکی سنوریی لەگەڵ تورکیا تەواو کرد


وێستگه‌ نیوز- 
حکومەتی‌ یۆنان ئاشکرایکرد، پلانی درێژکردنەوەی‌ دیوارە سنورییەکەی‌ لەگەڵ تورکیا قۆناغی ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و بەمزوانە دەست بە کارکردن دەکەن، ئەوەش لەپێناو ڕێگری لە شەپۆلی کۆچبەران لە باکوری ئەو وڵاتەوە.

ستیلیۆس پێتاساس، وتەبێژی حکومەتی‌ یۆنان بە ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێسی راگه‌یاندووه‌، 26 کیلۆمەتری تر بۆ ئەو دیوارە 10 کیلۆمەترییە زیاد دەکرێت کە لە سنورەکانی باکورە وە لەگەڵ تورکیا دروستکراوە، بودجەی‌ پڕۆژەکە 74 ملیۆن دۆلارە و وا بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو تەواو بکرێت.

دروستکردنی دیوارەکە یەکێکە لە ڕێکارەکانی حکومەتی‌ یۆنان بۆ ڕێگریکردن لە دەربازبوونی کۆچبەران، بە تایبەت کە لە ئازاری ئەمساڵدا جارێکی تر تورکیا دەرگای بە ڕووی کۆچبەراندا کردەوە بۆ ئەوەی‌ خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.

چوار گەورە کۆمپانیای یۆنانی دەستنیشان کراون بۆ دروستکردنی دیوارەکە کە بە بۆری ئاسنین و تەلی دڕکاوی بە کۆنکرێت دانراو دروست دەکرێت لە نزیک ڕووباری ئیڤرۆس لە نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و یۆنان.

شەممەی‌ ڕابردوو کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان سەردانی سنورەکانی باکوری کرد بە مەبەستی ئاگابوون لەدواین کار و ئامادەکارییەکان بۆ دروستکردنی دیوارەکە.


PM:06:08:20/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت