ژوری ئۆپراسیۆنه‌كانی هه‌ولێر: له‌ یادی له‌دایكبونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام هیچ ئاهه‌نگێك ساز ناكرێت


وێستگه‌ نیوزـ

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگ و گردبوونەوە بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام هیچ جۆرە گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی فراوان ساز ناكرێت، هاوكات چه‌ند بڕیارێكی نوێشی له‌چوارچێوه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌ركرد.
 
لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا بە سەرپەرشتی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر كۆبوه‌وه‌ و هه‌شت بڕیاری نوێی بۆ خۆپاراستن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ركرد، یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مساڵ رێوڕه‌سم بۆ یادی له‌دایكبونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام رێك ناخرێت.

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر داواشی له‌ هاوڵاتیان كردوه‌ پابه‌ند بن به‌ پۆشینی ده‌مامك و بازاڕ و شوێنه‌ شتییه‌كانیش ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پابه‌ند بن به‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبون به‌ كۆرۆنا له‌ هه‌رَێمی كوردستان له‌زیدابوندایه‌ و هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌زار توشبوی نوێی راگه‌یاند.

ده‌قی بڕیاره‌كان:

یەکەم: پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا بە دابینکردنی 100 هەزار دەمامک لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر بۆ بەشێک لە دامودەزگەکانی پۆلیس و هاتووچۆ و فەرمانگەکان، کە لە بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

دووەم: هاووڵاتیان و هاوشاریانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم قۆناخەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن بە گشتی و بەتایبەتی بەستنی (دەمامک).

سێیەم: سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت و دووکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و بەستنی دەمامک بۆ کرێکاران، خاوەن دووکان، فرۆشیاران، ئەو هاووڵاتیانەی سەردانییان دەکەن، بە پێچەوانەوە تیمەکانی قایمقامیەت و ناحییە و شارەوانییەکان راسپێردراون هەرشوێنێک پابەند نەبێت، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، رێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

چوارەم: داوا لە مامۆستایان و پیاوانی ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە رابردوودا هاوکارمان بوون، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە خۆیان نەدەن بەبێ بەستنی دەمامک برۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان.

پێنجەم: وێڕای ئەوەی یادی پڕشکۆی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د. خ) بەرز و پیرۆز نرخاند، تەئکیدی لەوەکردەوە کە هەولێری پایتەخت ساڵانە بە جیاواز لە هەموو جیهان، پێشەنگ بووە لە پێشوازیی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، دروودی خوای لێبێت و بەشانازییەوە ئەو یادە مەزن و پڕشکۆیە بە رێوڕەسم و شێوە و شێوازێک کردووەتەوە کە لە ئاست گەورەیی یادەکە بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بە پشتبەستن بە فەتوای لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، داوا لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، تەنها بە رازاندنەوە و دروشم و پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە بەرز رابگرن، هەموو جۆرە گردبوونە و کۆبوونەوەیەکی فراوان و رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولوود لە مزگەوت، تەکیە، ناو سەنتەری شار و ژێر قەڵات و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەناچێت و مەراسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەو بۆنەیەوە ناکرێت.

شەشەم: سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ئاگادار دەکەینەوە دەبێت دەمامک ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی دەوام دەمامکی نەبەستبێت، رێکاری کارگێڕی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاووڵاتییەک بۆ راییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی دەمامک بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.

حەوتەم: داوا لە سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنووری پارێزگاکەمان و کەسوکارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی خێزانەکانیان، لە کاتی چوونی رۆڵەکانیان بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان، رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و دەمامک ببەستن.

هەشتەم: هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت و ژمارەی گیان لەدەستدانی ئازیزان و مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە زیادبووندایە، بۆیە ئەگەر رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکرێت، دۆخەکە لەوەی کە هەیە سەختتر دەبێت، ئەو کات بە ناچارییەوە دەبێت بیر لە رێگەی تووندتری دیکەی خۆپارێزی بکەینەوە.


PM:07:11:19/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 4216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت