بەرهەم ساڵح جەخت لەیاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەر دەكاتەوە

‌بەرهەم ساڵح

وێستگە نیوز-

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق جەختیكردەوە لەدابینكردنی پێداویستی تەواو بۆ هەڵبژاردنەكان لە پێش هەموویان یاسای هەڵبژاردنی دادپەروەر و گرەنتیكردنی پاكی و بێگەردی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.  
 
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە میانی پێشوازیكردنی لە رائید فەهمی سكرتێری حیزبی شیوعی،  جەختیكردوەتەوە لەسەر پێویستی دابینكردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیان و زامنكردنی پاكی و بێگەردی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.  

لەڕاگەیەنراوەكە ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆك كۆمار رایگەیاندووە، پێویستە پێداویستی تەواو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دابین بكرێت، لە پێش هەموویان یاسای هەڵبژاردنی دادپەروەر بێتەكایەوە، ھاوكات هەوڵەكان بە ئاڕاستەی رێگریكردن بێت لە ساختەكاری و فرتوفێڵ، لەھەمانكاتدا ویستی دەنگدەران بێت بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵك لە هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان دوور لە هەر گوشار و كاریگەرییەك.  

لە بەرامبەردا رائید فەهمی ستایشی پێشنیازەكانی سەرۆك كۆماری كرد و بە تەواوی پشتگیری لە راوبۆچوونەكانی كرد لە گرنگی پتەوكردنی سەروەری و دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا و زامنكردنی پاكی و بێگەردی هەڵبژاردنی نوێنەرانی داهاتوو.  

بڕیارە رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ساز بكرێت.


PM:05:48:18/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت