عێراق.. داوای کردنەوەی لقی فەرمی فەیسبوک و تویتەر دەکرێت
وێستگەنیوز-
ئەندامێکی لیژنەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان بەنیازە داواکارییەک بۆ کردنەوەی لقی فەرمی هەردو کۆمپانیای فەیسبوک و تویتەر لە عێراق پێشکەش بکات بۆ ئەوەی لەرێگەوەیەوە پارێزگاری لە بەڵگەنامە و زانیارییە ئەلیکترۆنییەکان و خاوەنداریەتیکردنیان بۆ دەوڵەت بکرێت.
عەلا روبەیعی، ئەندامی لیژنەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندوە، رێککەوتنێک هەیە بۆ پارێزگاری لە بەڵگەنامە و زانیارییە ئەلیکترۆنییەکان و خاوەنداریەتیکردنیان بۆ دەوڵەت و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییە نێودەوڵەتییەکان کە (فەیسبوک و تویتەرن)، بەئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو زانیارییە نادروست و ساختەکراوانەی لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەرێگەی بوونی لقی فەرمی فەیسبوک و تویتەر لە عێراق دەکرێت رەزامەندی بۆ بوونی هەر جۆرە ماڵپەڕێک وەربگیرێت کە بیەوێت لە وڵاتدا کاربکات، هەروەها بۆ ئەوەی هەماهەنگی هەبێت لەبواری جێبەجێکردنی یاسا ورێنماییەکانی دەوڵەت.
هەردوو کۆمپانیای فەیسبوک و تویتەر دو گەورەترین کۆمپانیای بواری پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و لەرێگەیانەوە هاوڵاتیان ئاگاداری روداوەکان دەبن و بۆچون و تێڕوانینی خۆیان لەبواری گۆڕانکارییەکان دەخانەڕو، هەردوو کۆمپانیاکەش لقی فەرمیان لەچەندین وڵاتی جیهان هەیە بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەبواری سیاسیەتی پاراستنی زانیارییەکان.
PM:12:59:18/10/2020
ئهم بابهته 1648
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت