به‌ ڤیدیۆ.. دایکێک دوو منداڵەکەی لە بەغدا فڕێدەداتە ناو رووباری دیجلە

‌لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە

وێستگه‌ نیوز ـ
دایکێک لە بەغدا بە هۆکاری ئەوەی دەیەوێت مێردی پێشووی لە ئازاری دووری لە منداڵەکانی تێبگەیه‌نێت، هەردوو منداڵەکەی دەخاتە ناو رووباری دیجلە وگیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.

 
ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراوەتەوە کە لە کامێرەی چاودێرییەوە و لە کاتژمێر 12و 19 خولەکی شەوی 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، تۆمارکراوە. تیایدا دەردەکەوێت کە ژنێک دوو منداڵەکەی دەباتە سەر پردێک و لەوێوە فڕییان دەداتە خوارەوە.
 
بەپێی ئاژانسە هەواڵییە عیراقییەکان، ژنەکە تەڵاق دراوە، ئەویش بەهۆیەوە کوڕ و کچەکەی دەباتە سەر پردی ئەئیممە لەنێوان ئەعزەمییە و کازمییە لە بەغدا و هەردووکیان فڕێدەداتە ناو رووباری دیجلە.

دوابەدوای رووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە هەوڵدەدرێت کە منداڵەکان رزگاربکرێن، بەڵام هەوڵەکانیان ئەنجامی نابێت، دواتر هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ژنەکە دەستگیر بکەن.
 
ژنەکە دوای دەستگیرکردنی وتوویەتی، ماوەی سێ مانگە لە مێردەکەی جیابووەتەوە و منداڵەکان لای باوکیان دەمانەوە، ئەویش تەنیا لەکاتێکی دیاریکراودا دەیتوانی بیانبینێت و ئەوە ئازارێکی قووڵی لە ناخیدا دروستکردووە.
 
دایکی منداڵەکان دەڵێت، "بەبیانووی ئەوەی دەیەوێت منداڵەکانی بباتە زیارەتی ئیمام کازم، کچ و کوڕەکەی لە باوکیان وەردەگرێت، درەنگانێکی شەو هەردووکیان دەباتە سەر پردەکە و لەوێوە منداڵەکانی فڕێدەداتە ناو رووباری دیجلە".
 
سەبارەت بەوەی چۆن ئەو کارەی کردووە و هۆکارەکەی چی بووە، ژنەکە بە پۆلیسی راگەیاندووە، چۆن باوکیان منی لە منداڵەکانم دوورخستەوە و بێبەشی کردم لە بوون لەگەڵیان، منیش ویستم هەمان کار لەگەڵ ئەو بکەم، منداڵەکانم فڕێدایە ناو رووبارەکە تاوەکو ئەویش هەست بەو ئازارەی من بکات (بێبەش بوون لە منداڵەکانی).


AM:11:10:18/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 8472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت