ئەمریکا: هێرشکردنەسەر بارەگای پارتی لە بەغدا ئیدانە دەکەین

‌دیمەنێک لەهێرشکردنەسەر بارەگای پارتی لەلایەن ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانەوە

وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیدانەی هێرشکردنەسەر بارەگای پارتی لە بەغدا دەکەن و داوا لەهەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق دەکەن دوور لەکاریگەریی گروپە چەکدارییەکان، دەست بە گفتوگۆیەکی گشتگیر و بنیاتنەرانە بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، هێرشەکەی دوێنێی گروپەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بۆ سەر بارەگای لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەن و باوەڕیانوایە پێکەوە کارکردن، ئازادی بیروڕا و رەخنەگرتن بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسییەتە و پێویستە لایەنەکان  دوور لەکاریگەریی گروپە چەکدارییەکان، دەست بە گفتوگۆیەکی گشتگیر و بنیاتنەرانە بکەن.

ئەوەش هاتوە، رەفتاری گروپەکانی نزیک لە ئێران لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عیراقە و دەەبێتە ھۆی دروستکردنی گرژی لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکان و پاشەکشەکردنی دیموکراسییەت، بۆیە داوا لە لایەنەکان دەکەن بەرپرسیارانە رەفتار بکەن و سەرنجیان زیاتر لەسەر بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، شەڕی تیرۆر و  تێپەڕاندنی دۆخی دارایی.

دوێنێ خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم لقی پارتی لە بەغدا دەستیپێکرد دژی لێدوانێکی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە ناڕەزایی دەردەبڕن و بارەگاکەشیان سوتاند، دوای ئەوەی رایگەیاندبو، حەشدی شەعبی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێری ئەنجامداوە.

لای خۆیەوە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند،  وڵاتەکەیان بەدوژمنكردنی براكانی بۆ ئامانجی سیاسی تێپەڕاندوە و  ناگەڕێنەوە بۆ ململانێی مەزهەبی، جەختیش دەکاتەوە کە هێرشکردنەسەر بارەگای پارتی لە بەغدا رەفتارێکی رەتکراوەیەوە و " دەستدرێژیکاران سزادەدەین".

هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان په‌یامێكى له‌سه‌ر سوتاندنى باره‌گاى پارتى له‌ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌ و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، "هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كیى ڕوخاندنى دكتاتۆرى بوه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژوی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌یە بۆ سەر  پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسییه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستور و  دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌."


AM:10:17:18/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو