نەتەوە یەکگرتوەکان: سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان نیگەرانی کردین

‌دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بەغدا و سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، نیگەرانن لە سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان و بارەگای پارتی لەبەغدا و باوەڕیانوایە دەبێت هەموو روداوێکی توندوتیژی ئیدانەبکرێت، چونکە هیچ کاتێک هۆکارێک نیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕواننە سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان و بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا، پێویست دەکات هەموان روداوەکانی توندوتیژی و وێرانکاری ئیدانە بکەن کە رێگاچارە نیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەوەش هاتوە، عێراق پێویستی بە یەکێتی و ئارامی و گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.

بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم لقی پارتی لە بەغدا دەستیپێکرد دژی لێدوانێکی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە ناڕەزایی دەردەبڕن و بارەگاکەشیان سوتاند، دوای ئەوەی رایگەیاندبو، حەشدی شەعبی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێری ئەنجامداوە.

لای خۆیەوە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند،  وڵاتەکەیان بەدوژمنكردنی براكانی بۆ ئامانجی سیاسی تێپەڕاندوە و  ناگەڕێنەوە بۆ ململانێی مەزهەبی، جەختیش دەکاتەوە کە هێرشکردنەسەر بارەگای پارتی لە بەغدا رەفتارێکی رەتکراوەیەوە و " دەستدرێژیکاران سزادەدەین".

هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان په‌یامێكى له‌سه‌ر سوتاندنى باره‌گاى پارتى له‌ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌ و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، "هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كیى ڕوخاندنى دكتاتۆرى بوه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژوی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌یە بۆ سەر  پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسییه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستور و  دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌."




PM:11:30:17/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت