ڕووگەش جەباری: تائێستا چارەنوسی شێروان شێروانی نادیارە

‌شێروان شێروانی ماوەی هەفتەیەکە دەستگیرکراوە

وێستگەنیوز-

ڕووگەش جەباری، هاوژینی شێروان شێروانی رایگەیاند، پاش ئەوەی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی لە شاری هەولێر لەلایەن هێزێکی چەکدار دەستگیرا، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێکی نازانن و جەختیش دەکاتەوە لەوەی هاوسەرەکەی لەسەر "بیروڕای ئازادی خۆی" دەستگیر کراوە.

ڕووگەش جەباری، هاوژینی شێروان شێروانی بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندوە، " ئەمە چوارم جارە هاوسەرەکەم دەستگیر بکرێت، بەڵام هیچ جارێکیان وەکو ئەمجارە بەشێوەیەکی وەها ترسناک دەستگیر نەکراوە"، جەختیش دەکاتەوە لەوەی هاوسەرەکەی لەسەر "بیروڕای ئازادی خۆی" دەستگیر کراوە.

ڕووگەش باس لە کاردانەوەی منداڵەکانی دەکات بەرامبەر شێوازی دەستگیرکردنەی باوکیان و دەڵێت " کوڕە گەورەکەم زۆربەی جار لەناو خەو هەڵئەسێت و ئەیکات بە هاوار هاوار و ئەیەوێت لەسەر جێگای خۆی ڕاکات ئاگای لە خۆی نییە."

پێشوتر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نیودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، " شێروان شێروانی لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەداناوە لە سەرچاوەیەکی دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و پشێوی، ناشرینکردن و گوتنی قسەی نەشیاو بە بەرپرسان و کەسانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی دیاریکراو و هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکان بۆ دروستبوونی تووندوتیژی و هەڕەشەکردن لە دادوەران."

بەڵام ڕووگەش جەباری ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، تۆمەتەکان ڕەت دەکەنەوە کە هاوسەرەکەی هیچ دەستێکی دەرەکی لە پشتبێت و بە " ناوزڕاندن" وەسفی دەکات.

هەفتەی رابردووش کۆمیتەی پاراستی مافەکانی ڕۆژنامەوانان ناسراو بە CPJ بنکە لە نیویۆرک لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاند " پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق هەر تۆمەتێکی دژ بە ڕۆژنامەنووس شێروان ئەمین شێروانی هەیە ئاشکرای بکەن یان دەستبەجێ ئازادی بکەن".

ئێوارەی 10ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ رۆژنامەنوس شێروان شێروانی، لەلایەن هێزێکی ئەمنی لەسنوری پارێزگای هەولێر دەستگیرکراوە و تائێستا نازانرێت لەکوێ زیندانیکراوە و رێگەش بە خێزانەکەی نەدراوە سەردانی ناوبراو بکەن.




PM:09:05:17/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت