لەسەر شەڕی میدیایی پارتی و یەكێتی، گۆڕان پەیامێكی بڵاوكردەوە


وێستگە نیوز-

فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەكێتی لە جیاتی چارەسەركردنی كێشە سەرەكییەكانی هاوڵاتیان، بەڵام خەریكی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەكانی مێژوون. 

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، لە كاتێكدا كە ڕەوشی ھەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەخت و دژواردا تێدەپەرێت، میللەتی كورد  لەبەردەم قەیرانێكی قوڵی دارایی و خەمی مووچە و نەبوونی كار و خزمەتگوزاری شایستەدایە، لە جیاتی چارەسەری ئەو سەختییانە و چاككردنی ژیانی خەڵك، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی و فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان و ھەردوو تیمیان لە حكومەتی ھەرێم  لە بری بیركردنەوە بۆ داهاتویەكی گەش و ژیانێكی شەرەفمەندانەو خێراكردن لە ئەنجامدانی چاكسازی و چارەسەری نەبونی موچە و یەكخستن و بە نیشتیمانیكردنی هێزە چەكدارەكان و دانانی بناغەیەكی پتەوی ئابوری نیشتیمانی، خەریكی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەكانی مێژون. 

فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت، لە كاتێكدا ئەركی ھەردوو هێزەكەو تەواوی هێزەكانی كوردستان پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی و برایەتی میلەتەكەمانە، ئەركی ھەردو تیمی حكومەتیشیان خزمەتكردنی ھاوڵاتیان و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و ئەنجامدانی چاكسازیی و دژایەتی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەروازە سنوریەكانە، نەك تێوەگلان بە كێشە سیاسیەكان و خۆشكردنی ئاگری شەڕ و ئاڵۆزكردنی ڕەوشەكە.

فراكسیۆنی گۆڕان جەخت دەكەنەوە كە دەبێت  بایی ئەوەندە ئاوڕ لە رابردو بدەنەوە كە ئەزمونی لێوەرگرن بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو، هەڵە و خراپی و كەموكورتیەكان دووبارە نەكەنەوە تا ئاڵای كوردستان و خاك و نەوەكانی ئێستا و داهاتو پارێزراو بن، بە ھیچ جۆرێك لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین لە چەند رۆژی رابردووەوە بەڕێوە دەبرێن.

لەگەڵ نزیكبوونەوە لەڕۆژی 16ی ئۆكتۆتەر، بەرپرسانی باڵای پارتی و یەكێتی بەدەركردنی بەیاننامە و لێدوانی رۆژنامەوانی یەكتریان بە "خیانەتكار" ناوبرد.


PM:07:35:17/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو