پاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران گه‌یشته‌ هه‌رێم


وێستگه‌ نیوز ـ
بڕی 320 ملیار دینار پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردرا و ئەمڕۆ گەیشتە بانكەكان و دەست بە دابشەكردنی مووچە دەكرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممه‌ 14ی تشرینی یەكەمی 2020، بڕی 320 ملیار دینارەكەی بەغدا گەیشتە بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 320 ملیار دینارەکەی بەغدا، گەیشتووەتە بانکی ناوەندی هەرێمی کوردستان و پێدەچێت سبەینێ پێنجشه‌ممه‌ 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
 
بەپێی نووسراوێکی حکومەتی عیراق کە واژۆی عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عیراقی لەسەرە و لە رۆژی 13-10-2020 دەرچووە، ئاماژە بە ناردنی 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان کراوە، تیایدا هاتووە کە پارەکە بۆ مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر گەنجینەکانی ئاگادارکردەوە، لیستی‌ مووچەی‌ مانگی‌ نۆی‌ 2020 به‌ ته‌مویلكردنی‌ 82% ئاماده ‌بكه‌ن و پلە تایبەتەكانیش به‌ هه‌مان میكانیزمی مانگه‌كانی پێشوو به‌ لێبڕینی سه‌دا 50 ده‌درێت.
 
لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 255 هەزار و 273 مووچە خۆر هەن، مووچەی پێویستی مانگانەش 898 ملیار دینارە، کە 752 هەزار و 909 دیناری بۆ فەرمانبەرانە کە دەکاتە 60%ی مووچەخۆران.
 
هاتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌ی دوو مانگه‌ مووچه‌ دابه‌ش نه‌كراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكی زۆر له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران بایكۆتی ده‌وامیان كردووه‌.


AM:10:54:14/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 5128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت