وەزیری نەوتی عیراق پێشنیازێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم دەخاتەڕوو
فۆتۆ: گێتی
وێستگه نیوز ـ
وەزیری نەوتی عیراق پێشنیازی دامەزراندنی کۆمپانیایەک دەکات بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەکات، بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی سیاسەتی نەوتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە، "بۆچوونەکانی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاودەنگە لەگەڵ بۆچوونەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە داڕشتنی چارەسەرە دەستورییەکان بۆ ناکۆکیەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێم."
راشیگەیاند، "کە پێشنیازی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی کردووە تا کاروباری دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێم بەڕێوەببات و لە رووی هونەری و کارگێڕیشەوە سەربە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عیراقیەوە بێت".
دەشڵێت، "ئەم پێشنیازە لە پێناو گەیشتن بە رێکەوتنێکی یەکجارییە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆمپانیایانەی لە شارەکاندا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی نەوتن".
ئاماژەی بەوەشدا، "کە تێگەیشتنی ئەرێنی هەیە لەنێوان حکومەتی عیراقی و حکومەتی هەرێمدا لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم لە چوارچێوەی ئەو گفتۆگۆیانەی لە نێوانیاندا پەیوەست بە سیاسەتی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوردا بەڕێوەدەچێت".
دەشڵێت، "هەرێم گیانێکی ئەرێنی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی سەبارەت بەسروشتی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان هەرێم و بڕی ئەو نەوتە خاوەی لێی هەناردەدەکرێت بۆ بازاڕەکانی جیهان"، وتیشی، "لەوبارەیەوە ئاماژەی ئەرێنی هەن سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی".
باسیلەوەشکرد، "گفتوگۆکان جەختدەکەنەوە کە هەرێم بیرۆکەی نوێی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندا. دەشڵێت، "سیاسەتی وەزارەتی نەوت بریتیە لە بەڕێوەبردنی سامانە نەوتییەکان چ لەهەرێم و چ لەشارەکانی تری عیراق کەنەوتیان لێ بەرهەمدەهێندرێن بەپێی دەستووربێت".
PM:03:34:13/10/2020
ئهم بابهته 1508
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت