وەزیری دارایی لەبارەی دابەشکردنی موچە رونکردنەوە دەداتە پەرلەمان
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان
وێستگەنیوز-
پەیوەست بە میکانیزمەکانی دابەشکردنی موچە و رونکردنەوەی دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان و داهاتەکانی بەردەستی حکومەت، سبەینێ سێشەممە وەزیری دارایی سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکات و لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە.
ئەرشەد حسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە وێسگەنیوزی رایگەیاند، سبەینێ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە و کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە چۆنیەتی دابەشکردنی موچە لەمانگەکانی ئەیلول و مانگەکانی دیکەی کۆتایی ئەمساڵ.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشوتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزیری دارایی سەرپشک کردبوو لە رێکخستنەوەی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ فەرمانبەرانی دیکەی عێراق، "بۆیە سبەینێ وەزیری دارایی هەندێ پێشنیازی نوێ و میکانیزم لەبارەی شێوازی دابەشکردنی موچە دەخاتەڕو".
ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەنجینەکانی ئاگادارکردەوە کە دوای ئەوەی 320 ملیار دینارەکەی بەغدا دەگاتە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی موچەی مانگی ئەیلول ئەمساڵی فەرمانبەران دابەشدەکات، گەنجینەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە لیستی موچەی مانگی 9 ئامادەبکەن.
هـ.هـ
PM:08:36:12/10/2020
ئهم بابهته 55748
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت