ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی: كازمی مووچه‌ی سێ مانگی داهاتووی عيراقى مسۆگه‌ركردووه
وێستگه نیوز ـ
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند، حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی مووچه‌ی سێ مانگی داهاتووی مسۆگه‌ركردووه و ئه‌و دواكه‌وتنه‌ی له دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئه‌یلولدا روویدا، دووباره‌نابێته‌وه.
جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به وێستگه نیوزی راگه‌یاند: "مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق مووچه‌ی بۆ سێ مانگی داهاتووی فه‌رمانبه‌ران مسۆگه‌ركردوه و ئه‌و دواكه‌وتنه‌ی روویدا له كووچه‌ی مانگی ئه‌یلول دووباره‌نابێته‌وه، به‌تایبه‌تی دوای دڵنیاییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران".
وتیشی: "مسۆگه‌ركردنی مووچه واتای سه‌قامگیری ئابووریی هه‌ر خێزانێك، چونكه هه‌شت ملیۆن خێزان راسته‌وخۆ له مووچه سودمه‌ندن جا فه‌رمانبه‌ر بن یاخود خانه‌نشین یان ئه‌وانه‌ی مووچه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر جۆره مووچه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه، یاخود كه‌رتی تایبه‌ت و بازاڕ و بازرگانه‌كان".
به وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی، "وه‌زیری دارایی مافی خۆیه‌تی داواكاری بۆ قه‌رزكردن پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام په‌رله‌مان ئاماده‌نییه به‌رده‌وام بێت له رێگه‌دان به قه‌رزكردن تا چاكسازی راسته‌قینه نه‌كرێت، چونكه به‌رده‌وامی له قه‌رزكردن واتای چوونی وڵات به‌ره‌و داڕووخان".
ئه‌وه‌شی زیاد كرد، وه‌زیری دارایی بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان ده‌توانێت داواكاری قه‌رزی كاتی، بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ بكات، دواتر كه په‌رله‌مان یاسای قه‌رزكردنی په‌سه‌ند كرد ده‌كرێنه فه‌رمی.
له باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه وتی: "پێم وابێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دوای ته‌واوبوونی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق دێت".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو مانگه مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی مانگی نیسانی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه بكرێت.
AM:11:22:10/10/2020
ئه‌م بابه‌ته 53836
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت