وەزارەتی شارەوانی لەبارەی تاپۆكردنی زەوی كارت هەواڵێکی دڵخۆشکەر رادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی بەبڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی تاپۆکردنی زەوی کارت (فۆرم) لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان دەستیپێکرد، پرۆسەکە لەپارێزگای هەولێر بەخێرایی جێبەجێدەکرێت لەدو رۆژی داهاتودا تاپۆی شەش هەزار پارچەزەوی دیکەش دەدرێتەوە خاوەنەکانیان، بەوەش 57%ی پرۆسەکە تەواو دەکرێت.

وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە هاتوە، كاروباری تاپۆكردنی شەش هەزار كارتەكەی كەرتی باغمرە شەهاب تەواو بووە و لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا تاپۆكان بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێن. سەبارەت بە پرۆسەی تاپۆكردنی كارتەكانی دیكەش، سەرۆكی شارەوانی هەولێر، بۆ راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لەوەکردوە لیژنە تایبەتمەندەكەی تاپۆكردنی كارتەكانی هەولێر لە كارەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا چەندین هەزار كارتی دیكەش تاپۆ بكرێن.  

ئەوەش هاتوە، ئەمەش دوای دانیشتنی رۆژی 5/5/2020ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دێت كە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خێرا تاپۆكردنی كارتەكان درا، دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێری راسپار بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بۆ تاپۆكردنی كارتەكان و لیژنە تایبەتەكەش بۆ تاپۆكردنی سەرجەم ئەو كارتانەی كە پێشتر دابەشكراون، پێكهێنرا، كە ژمارەی كارتەكان 125 هەزار كارت بوو، لە كۆی ئەو ژمارەیەش تاوەكو ئێستا 65 هەزار كارتیان كاری تاپۆكردنیان تەواو كراون.

وەزارەتی شارەوانی ئەوەشی خستوەتەڕو، وێڕای بەردەوامی پرۆسەی تاپۆكردنی كارتەكان، لەم یەك دوو رۆژەی داهاتوو شەش هەزار تاپۆ بەسەر هاووڵاتییانی كەرتی باغمرە شەهاب لە شاری هەولێر دابەش دەكرێن و هاووڵاتییانی ئەو كەرتە دەبنە خاوەنی تاپۆی خۆیان و دەتوانن كاروبارەكانیان بەو تاپۆیانە رایی بكەن.  ئەمڕۆش سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئەو شەش هەزار تاپۆیە لە فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە وەردەگرێتەوە و دواتر لەم یەك دوو رۆژەی داهاتوو، لە مەراسیمێكدا تاپۆكان بەسەر هاووڵاتییانی كەرتی باغمرە شەهاب دابەش دەكرێت.


AM:11:19:29/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 11212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت