سەدر لەبارەی تێکچونی ئاسایشی عێراق هۆشداری دەدات


وێستگەنیوز-
رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند، هەندێ لایەنی گوماناوی هەوڵ دەدەن دۆخی ئەمنی تێکبدەن و ئاسایشی عێراق بخەنە مەترسییەوە، بۆیە داوا لەهەمو لایەنەکان دەکات لەرێگەی عەقڵ و شەرع مامەڵە بکەن لەپێناوی نیشتیماندا.

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لەپەیامێکدا کە لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردوەتەوە، باسی لەوەکردوە، هەندێ لایەنی گوماناوی  هەوڵ دەدەن دۆخی ئەمنی تێکبدەن و ئاسایشی عێراق بخەنە مەترسییەوە، بۆیە داوا لە هەموان دەکەن لەبەر خۆشەویستی نیشتیمان لەرێگەی عەقڵ و شەرع مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە هەموان بەر لەوەی هەر هەنگاوێك بگرنبەر كە وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی بەرێت، یان ببێتە هۆی پێكدادانی نێوان لایەنەكانی ناو پێکهاتەی شیعە و شەڕی مەزهەبی لێبكەوێتەوە پێویستە بە داناییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.

بەهۆی بەردەوامی هێرشکردنەسەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و هێزە بیانییەکان لەلایەن ژمارەیەک گروپی چەکدارەوە، ئەمڕۆ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هۆشداری نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەرپرسانی حکومەتی عێراق بۆ راگرتنی "هێرشی گروپە چەکدارییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات"، واشنتن بۆ ماوەی 90 رۆژ باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دادەخات.


PM:11:19:28/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 1724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت