تارق حەرب: کشانەوەی باڵیۆزخانە دواین شتە کە ئەمریکا بیری لێدەکاتەوە


وێستگەنیوز-
شارەزایەکی یاسایی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمریکا هەمان بڕیاری ساڵی 1975ی ڤێتنام لە عێراق دوبارە ناکاتەوە و کشانەوەی باڵیۆزخانە دواین شتە کە ئەمریکا بیری لێدەکاتەوە، بەڵام خوێندنەوەی ئەوە دەکرێت بڕیارەکەی واشنتن بانگەشەیەکی پێشوەخت بێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی ئەمریکا.

تارق حەرب، شارەزایی یاسایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دواین شتە کە واشنتن بیری لێدەکاتەوە، چونکە ئەوە دوبارەکردنەوەی هەمان روداوی ساڵی 1975ی ڤێتنام دەبێت، کەبەهۆیەوە دەوڵەتی ڤێتنامی باکور توانی دەوڵەتی ڤێتنامی باشور بخاتەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە کە ئەمریکا پشتیوانی ڤێتنامی باشوری دەکرد (لەئیستادا هەردو بەشەکە یەکیانگرتوەتەوە و وڵاتی ڤێتنامیان دروستکردوە).

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆیە بەئەگەرێکی دوور دەزانرێت ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەمان شت کە لە ڤێتنام کردی لە عێراق دوبارەی بکاتەوە، بەڵکو خوێندنەوەی ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا پلان بۆ شتێکی دیکە دادەڕێژێت و دۆخی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش وادەخوازێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوێکی "سەرکەتوانە" بگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەوەیدا سودی لێوەربگرێت.


ئەمڕۆ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هۆشداری نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەرپرسانی حکومەتی عێراق بۆ راگرتنی "هێرشی گروپە چەکدارییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات"، واشنتن بۆ ماوەی 90 رۆژ باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دادەخات.

رۆژنامەی واشنتن پۆست باسی لەوەشکردوە، "کازمی پشتیوانی پێویستی نیە بۆ رێکخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی و رێگریکردن لە دوبارە نەبونەوەی هێرشی گروپە چەکدارییەکان، چونکە پێشوتر کازمی هەوڵی سنوردارکردن دەسەڵاتی گروپە چەکدارییەکانی داوە ئەویش لەرێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەی پشتیوانییەکانیان و دوبارە رێکخستنەوەی دەزگای ئاسایشی عێراق، بۆ ئەوەی متمانەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی بپارێزێت، بەڵام گروپە چەکدارییەکان لەرێگەی زیادکردنی هێرشەکان بۆسەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکان وەڵامی ئەو هەوڵەی کازمیان داوەتەوە". 


PM:09:43:28/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 2628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت